مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەكرێت

سیستمی دابەشكردنی یەكلایی نەبووەتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

دوای گۆڕانكاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە سیستمی مووچە، بڕیارە ئەمڕۆ مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش بكرێت.

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24: "بڕیارە ئەمرۆ مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشبكرێت، سەرەتا لە مووچەی لیواكانی وەزارەتەكەوە دەستپێدەكات و پاشانیش یەكەكانی 70 و 80 و ئەوانی دیكەش مووچەكانیان پێدەدرێت. بەڵام تا ئێستا یەكلانەبووەتەوە ئاخۆ مووچەی وەزارەتەكە بەپێی سیستەمی نوێیە، یان بەگوێرەی سیستەمە كۆنەكە و بە پاشەكەوتەوە دابەشدەكرێت".

ئەوە لە كاتێكدایە دوای ئەوەی لە مانگی رابردوو، حكوومەتی عێراق بڕێك پارەی بۆ مووچەی فەرمانبەران رەوانەی ھەولێر كرد، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، گۆڕانكاری لە مووچەی فەرمانبەران كرد و رێژەی پاشەكەوتی كەمكردەوە، بەڵام تائێستا مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش نەكراوە و ئاشكراش نەكراوە كە بە سیستمی نوێ یان كۆن دابەش دەكرێت.

ھ.م