کۆمپانیاکانی دەرمانی ئەمریکا هەڕەشەی راگرتنی فرۆشتنی دەرمان بە تورکیا دەکەن

نەخۆشخانە حکومییەکانی تورکیا 2.3 ملیار دۆلار قەرزاری کۆمپانیاکانن

K24 - هەولێر

بەهۆی دواکەوتنی تورکیا لە دانەوەی قەرزەکانی بە کۆمپانیاکانی دەرمانی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە، ئێستا بیرۆکەی راگرتنی پرۆسەی فرۆشتنی دەرمان بە تورکیا لەئارادایە.

دەیڤد ساتەرفیڵد، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا دەڵێ "نەدانەوەی قەرزی کۆمپانیاکانی دەرمان و تەندروستیی ئەمەریکی و کۆمپانیا جیهانییەکانی دیکە لەلایەن تورکیاوە، بووەتە کێشەیەکی گەورە لە پەیوەندیی بازرگانیی نێوان ئەمەریکا و تورکیا".

ساڵی رابردوو ویڵبۆڕ رۆس، وەزیری بازرگانیی ئەمەریکا لەلایەن رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەرات ئەلبایراک، زاوای و وەزیریی دارایی تورکیا پەیمانی ئەوەی پێدراوە قەرزەکان بدەنەوە، بەڵام بەگوتەی ساتەرفیڵد "ئەو قەرزانە کە ئێستا گەیشتوونەتە 2.3 ملیار دۆلار نەدراونەتەوە".

''ئەگەر تورکیا قەرزەکانی نەداتەوە یان داوای کەمکردنەوەی بکات، ئەنجامەکەی بەشێوەیەک دەبێت کە کۆمپانیاکان ئیدی بیر لە دەرچوون لە بازاڕی تورکیا دەکەنەوە، تاوەکو کەمتر بەریەککەوتنیان لەگەڵیاندا هەبێت، ئەمەش بەهیچ شێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی تورکیا ناکات". ساتەرفیڵد ئەو گوتانەی لە ئیڤێنتێکی ئۆنلایندا گوت کە لەلایەن ئەنجوومەنی ئەمەریکی تورکی، کە گرووپێکی بازرگانییە، رێکخراوە.

گوتەکانی باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا کاریگەرییان لەسەر وەبەرهێنەرانی دەرەکی دەبێت، لەکاتێکدا تورکیا خۆی ساڵانێکە رووبەڕووی کەمبوونەوەی وەبەرهێنانی دەرەکی بووەتەوە، کە بەشێکیان سیاسەتەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە و شلۆقیی باری ئابووری بەهۆکار دادەنێن بۆ دوورکەوتنەوەیان.

 

هـ.ر.