کۆریاکان لە ئاشتی تەواوەتی نزیکدەبنەوە
K24 – ههولێر:
دوای کۆبونەوەیان لە پیۆنگ یانگ، پایتەختی کۆریای باکوور، مون جای ئین، سەرۆکی کۆریای باشوور، و کیم جۆن ئون سەرۆکی کۆریای باکور رێککەوتننامەیەکی لێکتێگەشتنیان واژۆ کرد.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئاڕ تی رووسی، جیا لەو دوو سەرۆکە، وەزیرانی بەرگری هەردوو وڵات پێکەوە گەیشتوونەتە چەند رێککەوتنێکی سەربازیی و لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە مانۆڕی سەربازیی لەسەر سنوورەکان ئەنجام نەدەن و چیدیکەش فڕۆکەی جەنگی لە نزیک سنوورەکانی هەردوو وڵات نەفڕێت.
بڕیاریشە تا کۆتای ئەمساڵ، هەر وڵاتێک 11 بنکەی سەربازیی لەسەر سنوورەکان دابخات و بەشێک لە سەربازەکانیان بکشێنەوە.
بۆ گەیشت بە رێککەوتننی زیاتر، هەردوولا نیازیان هەیە لیژنەیەکی هەماهەنگی سەربازیی پێکبهێنن و متمانەی تەواو بۆ یەکتر بگەڕێنەوە.
لەدوای کۆبونەوە و رێککەوتنی کۆریاکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەهەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند: "کیم جونگ ئون قایل بووە بەوەی رێگا بدات پشکنەرە ئەتۆمییەکان سەردانی ئەو وڵاتە بکەن و بنکەکانی تاقیکردنەوە مووشەکییەکان دابخات. چیدی تاقیکردنەوەی مووشەک و ئەتۆمی نابێت".
ترەمپ دەشڵێت: "زۆر دڵخۆشم بەوەی هەردوو کۆریا بڕیاریان داوە میوانداری ئۆڵەمپیادی ساڵی 2032 پێکەوە بکەن".
لە 12ی حوزەیرانی ئەمساڵدا، لە هۆتێل کاپێلا لە دوورگەی سانتۆسای باشووری سهنگاپووره، هەردوو سەرۆکانی ئەمەریکا و کۆریای باکوور کۆبوونەوە و رێککەوتننامەیەکییان سەبارەت بە داماڵێنی چەکی ئەتۆمی کۆریای باکوور واژۆ کرد، لەو کاتەشەوە، هەردوو کۆریای باشوور و باکوور کاریان بۆ بەدیهێنانی ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی کردووە، تادێتیش ئەو دوو درواسێیە زیاتر برینی جەنگی ناوخۆ و لێکدابڕانیان ساڕێژ دەکەن.
H.J