وێنه‌ و ڤيديۆ.. فڕۆكه‌يه‌كى F18ـى ئه‌مريكا رووبه‌ڕووى دۆخێكى ترسناك بووه‌ته‌وه‌

هيچ زيانێكى گيانى لێ نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌ياندنى به‌حره‌ين رايگه‌ياند، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌حره‌ين فڕۆكه‌يه‌كى جه‌نگى له‌ كاتى نيشتنه‌وه‌ى په‌كى كه‌وتووه‌.

رووداوه‌كه‌، هيچ زيانێكى گيانى لێ نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ رايگه‌ياندووه‌، به‌ گوێره‌ى پلانى حاڵه‌تى كتوپڕ مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵ رووداوه‌كه‌ كردووه‌.

بيل ئوربان، گوته‌بێژى كه‌شتيگه‌لى ئه‌مريكا له‌ كه‌نداو، رايگه‌ياند، ئه‌و فڕۆكه‌يه‌ له‌ كاتى هه‌ڵفڕينى رووبه‌ڕووى كێشه‌يه‌ك له‌ بزوێنه‌ره‌كه‌ى ناچار بووه‌ رێڕه‌وى بگۆڕێت.

گوتيشى: فڕۆكه‌وانه‌كه‌ ويستوويه‌تى له‌ بنكه‌ى شێخ عيساى ئاسمانى به‌حره‌ين بنيشێته‌وه‌، به‌ڵام نه‌يتوانيوه‌ و ناچار روويكردووه‌ته‌ فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌و وڵاته‌.

هه‌فته‌ى رابردووش، فڕۆكه‌يه‌كى ديكه‌ى ئه‌مريكا له‌ جۆرى ئێم ڤى 22 له‌ ئوستراليا تێكشكا و به‌ هۆيه‌وه‌ 3 مارێنز كوژران.

هه‌روه‌ها له‌ ته‌مموزى رابردووشدا فڕۆكه‌يه‌كى جۆرى كى سى 130 له‌ ويلايه‌تى ميسيسبى تێكشكا و به‌ هۆيه‌وه‌ 16 سه‌رباز كوژران.