ئێران كارتی فشاره‌كه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ریكا به‌كارده‌هێنێت

خامنه‌یی: گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هیچ سوودێكی نییه

K24- هه‌ولێر: ‌

عه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران جارێكی هه‌ره‌شه‌ی رێگریكردن له‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر بێتو رێگه‌ به‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی ئێران نه‌درێت و دووپاتیكرده‌وه‌، تاران له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌، ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ واشنتۆن بێسووده‌.

خامنه‌یی له‌ میانه‌ی دیدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و سه‌رۆك شانده‌ دیپلۆماسییه‌كانی ئێران ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، لێدوانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئیسلامی ئێران زۆر گرنگن و گوزارشت له‌ سیاسه‌ت و ستراتیژیه‌تی وڵاته‌كه‌مان ده‌كات، به‌تایبه‌تی كه‌ رۆحانی هه‌ره‌شه‌ی ئه‌وه‌یكردبوو، "ئه‌گه‌ر رێگری له‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی ئێران بكرێت، ئه‌وا هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی ته‌واوی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ ده‌وه‌ستێنن".

هه‌روه‌ها خامنه‌یی ئه‌مه‌ریكای به‌ هه‌وڵدان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێگه‌كانی خۆی له‌ ئێران تۆمه‌تبار كرد، كه‌  به‌ر له‌ شۆڕشی ئیسلامی هه‌یبوو و دووپاتیكرده‌وه‌، "واشنتۆن به‌ كه‌متر له‌مه‌ رازی نابێت".

رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی گوتی، به‌رهه‌ڵستی واشنتۆن بۆ توانا ئه‌تۆمییه‌كانی تاران و هه‌ژموونی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌، بۆ ئه‌و دوژمنكاریه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ سیسته‌می ئیسلامی ئێران هه‌یه‌تی و جه‌ختی كرده‌وه‌، بوونی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ به‌شێكه‌ له‌ ره‌گه‌زه‌كانی هێز و ئاسایشه‌كه‌ی.

وه‌ك خامنه‌یی گوتی، فرمێسكڕشتن بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران و ئه‌مه‌ریكا وه‌ك چاره‌سه‌رییه‌ك بۆ كیشه‌كانی وڵات هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێكرد، كۆمه‌ڵێك وڵاتی ئه‌فریقیا، ئاسیا و ئه‌مه‌ریكای لاتین هه‌ن كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌، كه‌چی ئه‌و وڵاتانه‌ هێشتا چه‌ندین كێشه‌ی گه‌وره‌یان هه‌یه‌.

خامنه‌یی هۆشداری له‌ ئه‌گه‌ری په‌نابردن بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا دا و گوتی، "دانوستان له‌گه‌ڵ واشنتۆن هیچ سوودێكی نییه‌".

خامنه‌یی گوتیشی، پێویسته‌ به‌رده‌وامی به‌ دانوستانه‌كانی نێوان ئێران و ئه‌وروپا بدرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نابێت ره‌وڕه‌وه‌ی ئابووری رابگیرێت و چاوه‌ڕێی ده‌نجامه‌كانی نێوان ئێران و ئه‌وروپا بكرێت.

دوای كشانه‌وه‌ی واشنتۆن له‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران، به‌ر له‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك، ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌رۆكایه‌تی دۆناڵد تره‌مپ بڕیاریدا، هه‌موو هه‌وڵه‌كانی بۆ رێگریكردن له‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی ئێران ده‌خاته‌‌ گه‌ڕ، له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌رپرسانی تاران هه‌ره‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر رێگری له‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی ئێران بكرێت، ئه‌وا ئێرانیش كارێك ده‌كات كه‌ هیچ وڵاتێكی ناوچه‌كه‌ نه‌توانێت نه‌وته‌كه‌ی هه‌نارده‌ی بازاڕه‌كانی جیهان بكه‌ن، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ داخستنی گه‌رووی هورمز له‌ كه‌نداوی عه‌ره‌ب و بابولمه‌نده‌ب له‌نێوان كه‌نداوی عه‌ده‌ن و ده‌ریای سوور كه‌ به‌شێكی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حوسییه‌كانی یه‌مه‌نه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پیشتگیری ده‌كرێن.

H.B