حاکم قادر حەمەجان وازھێنانی خۆی لە وتەبێژی یەكێتی راگەیاند

"وتەبێژی یەكێتی نیم"

K24 - ھەولێر

دوای ماوەیەكی كەم دیاركردنی وەك وتەبێژی فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، حاكم قادر حەمەجان، لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، ئەو وتەبێژی یەكێتی نییە.

لە روونكردنەوەی نووسینگەی راگەیاندنی حاكم قادر حەمەجان ھاتووە: "حاکم قادر حەمەجان ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی( ی.ن.ک ) قسەکەری فەرمی یەكێتی نییە و بەرلەئێستا گەرئەوپۆستە لەلایەن ھەردەزگایەکی راگەیاندنەوە بەھەڵە خرابێتە پاڵ ناوی ئەو بەڕێزەوە، ئەوە لەڕێی ئەم پەیامەمانەوە بۆ سەرجەم کەناڵ ودەزگاکانی راگەیاندنی روون دەکەینەوە، کەھەڤاڵ حاکم قادر حەمەجان، تەنھا ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە".

 ئەمە لەكاتێكدایە 29/4/2017، لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، حاكم قادر حەمەجان وەك وتەبێژ دیاركرا، دواتریش میدیای فەرمی یەكێتی وەك وتەبێژی حزبەكە ناساندووە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، وازھێنانی حاكم قادر حەمەجان لە وتەبێژی حزبەكەی پەیوەندی بە فرەمینبەری ناو یەكێتییەوە ھەیە.