خه‌لیلزاد: قاسم سوله‌یمانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر كه‌ركووك هانده‌دات

باڵیۆزی پێشووی ئه‌مریكا له‌ عێراق: ده‌بێت ئه‌مریكا رێگه‌ له‌و ململانێیه‌ بگرێت كه‌ ئێران درووستی ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

زه‌ڵمای خه‌لیلزاد، باڵیۆزی پێشووی ئه‌مریكا له‌ عێراق، رایگه‌یاندووه‌: "قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران له‌ عێراقه‌ و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هانده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر كه‌كووك.

باڵیۆزی پێشووی ئه‌مریكا له‌ عێراق له‌ توێتێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر ده‌رباره‌ی زیادبوونی گرژی نیوان هێزه‌كانی عێراق و پێشمه‌رگه‌ نوسیوویه‌تی: "پێده‌چێت گرژییه‌كان زیاد بووبن، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ری درووستبوونی پێكدادان زیاتر ده‌كات".

خه‌لیلزاد داوای له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كردووه‌ كه‌ رێگه‌ له‌ درووستبوونی ململانێ بگرێت كه‌ ئێران درووستی ده‌كات.

قسه‌كانی خه‌لیلزاد له‌ كاتێكدایه‌  ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌باره‌ی هێرشی هێزه‌كانی عێراق بۆ سه‌ر كوردستان هۆشداریدا و رایگه‌یاند: "پەیامی مەترسیدارمان پێ دەگات سەبارەت بە ئامادەکاری هێزەکانی عێراق و یەکەکانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدڕاڵی بۆ ئەنجامدانی هێرشی گەورە لە باشوور و رۆژئاوای کەرکووک و باکووری موسڵ بۆ سەر کوردستان".

له‌سه‌ر زه‌ویش جوڵه‌ی هێزه‌كانی عێراق له‌ رۆژئاوای كه‌ركووك بینراوه‌، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ ئامانجیان هێرشكردنه‌ سه‌ر كوردستان بێت.