به‌غدا شه‌ڕی دوای داعشی له شنگال نه‌بردووه‌ته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
گرووپی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان داوا له حكومه‌تی عێراق ده‌كات، هه‌ژموونی خۆی به‌رامبه‌ر گرووپه چه‌كداره‌كانی شنگال زیاد بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌به‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێزدییه‌كان بۆ ناوچه‌كانیان بكات.
له راپۆرتێكدا كه رۆژی سێشه‌ممه 20/2/2018 له‌ژێر ناوی "عێراق چۆن شه‌ڕی دوای رێكخراوی داعش له شنگال ده‌باته‌وه" بڵاوكراوه‌ته‌وه، گرووپی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه "ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی پێویسته به‌غدا بیگرێته‌به‌ر تا ببێته هۆی ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی ته‌واو له شنگال، دانانی سنوورێكه بۆ ده‌ستوه‌ردانی بیانی له‌و ناوچه‌یه‌دا".
ئه‌و گرووپه ناحكومییه كه ئۆفیسی سه‌ره‌كیان له برۆكسێلی پایته‌ختی به‌لجیكایه، ده‌ڵێن "هه‌وڵ و كۆششه‌كانی ده‌ركردنی داعش له شنگال، ئاشتی بۆ ناوچه‌كه گه‌ڕانده‌وه، به‌ڵام هیشتا دۆخی ئابووری و سیاسی باش نه‌بووه".
قه‌زای شنگال و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری له 3/8/2014 له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه داگیركرا و خه‌ڵكی ناوچه‌كه رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵكوژی بوونه‌وه، ئه‌و بۆشاییه‌ی درووستبوو له ناوچه‌كه، ده‌رگای بۆ زیادبوونی هه‌ژموونی پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه" كرده‌وه، هه‌ر چه‌نده هێزه‌كانی پێشمه‌رگه زۆرینه‌ی ناوچه‌كانیان له ده‌ست چه‌كدارانی داعش رزگار كرده‌وه‌و دواتر رووداوه‌كانی پاش 16ـی ئۆكتۆبه‌ر به‌ڵانسی هێزی له‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا گۆڕییه‌وه.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه، دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه پارتی دیموكراتی كوردستان و په‌كه‌كه هێزی سه‌ره‌كی بوون تا رۆژی 17/10/2017 كه هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن گه‌ڕانه‌وه ناوچه‌كه.
گرووپی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وای ده‌بینن "به‌غدا سوود له ئه‌ندامانی ئیداره‌ی ناوخۆیی ناوچه‌كه وه‌رده‌گرێت و به‌كاریانده‌هێنێت كه زۆرینه‌یان پێشتر له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه دامه‌زرێنراون و خاوه‌نی توانای پێویستن بۆ دووباره به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانی شنگال".
گرووپه‌كه ده‌ڵێت: "له دایكبوونی نوێی دامه‌زراوه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا، په‌یوه‌سته به سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوی ئیداره‌ی ناوچه‌كه كه پشت به ده‌ستوور ببه‌ستێت، زۆر پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌به‌ری ئایینده‌ی ئێزدییه‌كانی شنگال بكات".
پێشبینی ئه‌وه كرابوو ژماره‌ی ئێزدییه‌كان له كوردستان و عێراق، پێش ئه‌وه‌ی داعش ناوچه‌كانیان داگیر بكات، له سه‌رووی 550 هه‌زار كه‌سه‌وه بووبێت، به‌ڵام به‌هۆی داگیركردنی ناوچه‌كانیان نزیكه‌ی 100 هه‌زار كه‌سیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كۆچیان كردووه و به‌شێكیشیان هاتوونه‌ته ناوچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، هه‌زاران ئافره‌تی ئێزدی له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه پێشێلكاری تۆقێنه‌ریان به‌رامبه‌ر كراوه و له‌وانه‌ش ده‌ستدرێژی و رفاندن و به كه‌نیزه‌ككردنی گرتووه‌ته‌وه.
سه‌ره‌تای كاره‌ساته گه‌وره‌كه‌ی شنگال و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری ئه‌وكاته ده‌ستیپێكرد كه هێزه سه‌ربازییه‌كانی حكومه‌تی عێراق له سه‌رده‌می نووری مالیكی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌وكاتی عێراق ناوچه‌كانیان بێ ته‌قه و شه‌ڕكردن بۆ داعش جێهێشت، ئه‌و ژماره كه‌مه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یش كه تازه له‌و ده‌وروبه‌رانه‌دابوون نه‌یانتوانی رێگه له‌و ھێرشه گه‌وره‌یه‌ی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه بگرن كه به پێشكه‌وتووترین چه‌كی سوپای عێراق و هۆزه عه‌ره‌به‌كانی ناوچه‌كه‌وه هێرشیان كرده سه‌ر ئێزدییه‌كان. به‌ڵام له مانگی 11ـی ساڵی 2015ـدا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، پاش كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی زۆربه‌ی شاره‌دێ و گونده‌كانی، سه‌نته‌ری قه‌زای شنگالیشیان كۆنترۆڵكرده‌وه.