له جیاتی وه‌زاره‌تی به‌رگری میلیشیای نوجه‌با وه‌ڵامی ئه‌مه‌ریكا ده‌داته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
به‌هۆی تانكی ئه‌برامزی ئه‌مه‌ریكییه‌وه، واشنتن نیازی هه‌یه سزا به‌سه‌ر حكوومه‌تی عێراقدا بسه‌پێنێت، به‌و پێیه‌ی چه‌ند دانه‌یه‌كی ئه‌و جۆره تانكه پێشكه‌وتووه، كه‌وتووه‌ته ده‌ست میلیشاكانی حه‌شد و دوو تانكیشیان له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه ته‌قێندرانه‌وه.
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی ئه‌گه‌ری سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر حكوومه‌ت عیراق، له وێبسایتی "ده‌یلی بیست"ی ئه‌مه‌ریكییه‌وه، له جیاتی حكوومه‌تی عێراق و وه‌زاره‌تی به‌رگری، حه‌ره‌كه‌ی نوجه‌با، كه یه‌كێكه له گرووپه میلیشیا چه‌كداره‌كان، وه‌ڵامی ئه‌مه‌ریكا ده‌داته‌وه و ئیدانه‌ی سه‌پاندنی هه‌ر سزایه‌كیش ده‌كات.
واریس موسه‌وی، گوته‌بێژی میلیشیای نوجه‌با، له لێدوانێكدا بۆ وێبسایتی "به‌غداد‌لیه‌وم" ده‌ڵێت: "حه‌شدی شه‌عبی دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ربازییه سه‌ر به فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانه و په‌یوه‌ندی فه‌رمی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت هه‌یه، بۆیه مافی ئه‌مه‌ریكا نییه سزا به‌سه‌ر هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ربازیدا بسه‌پێنێت، یاخود چه‌كی لێ داماڵێت".
موسه‌وی راشیگه‌یاندووه، هه‌ر كارێكی له‌و جۆره، به ده‌ستێوه‌ردانی راسته‌وخۆ له كاروباری ناوخۆی وڵات داده‌نرێت و ده‌ڵێت: "واشنتن ده‌یه‌وێت له رێگه‌ی پرۆژه و هێرشه‌كانی له دژی حه‌شدی شه‌عبی، كۆسپ بخاته به‌رده‌م پرۆژه سیاسی و ئابووری و سه‌ربازییه‌كانی وڵات".
گوته‌بێژه‌كه‌ی نوجه‌با ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، حه‌شد حاڵه‌تێكی لابه‌لا و فه‌وزه‌وی نییه، به‌ڵكو به‌شێكه له دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی جیانابێته‌وه و فه‌رمانیش له فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان وه‌رده‌گرێت.
به‌گوێره‌ی وێبسایتی "ده‌یلی بیست"ی ئه‌مه‌ریكی، واشنتن به بینینی وێنه‌ى تانكه ئه‌برامزه‌كانی، كه ئاڵای گرووپه‌كانی حه‌شدیان به‌سه‌ره‌وه بووه‌و یه‌كێكیشیان له‌و كاته‌ی مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو میلیشیا شیعه‌كان هێرشیان كرده‌سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان, له شاره‌دێی پردێ تێكشكێنرا، له‌و بابه‌ته دڵنیابووه‌ته‌وه.
هه‌ر بۆیه واشنتن له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه به‌هۆی گوشارخستنه سه‌ر به‌غدا، ئه‌و تانكه ئه‌برامزانه بگه‌ڕێنێته‌وه و پێشبینی ئه‌وه‌شكراوه, وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و كاره، ئه‌مریكا سزا به‌سه‌ر عێراقدا بسه‌پێنێت و رێگه به كۆمپانیا فه‌رمییه‌كانی بواری درووستكردنی چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی به‌رگری وڵاته‌كه‌ی نه‌دات چه‌ك به عێراق بده‌ن.
تانكی ئه‌برامز، به یه‌كێك له به هێزترین تانكه‌كانی جیهان داده‌نرێت و نرخی هه‌ر دانه‌یه‌كیشى ده‌گاته 4.3 ملیۆن دۆلار.
ا. م