ئەمشەو مێسی لەبەر هۆکارێکی تایبەت 'حەز' دەکات لیڤەرپوول ببێتە پاڵەوان

ریال مەدرید ببێتە پاڵەوانی مێسی ریکۆردێک لەدەست دەدات

ئەمشەو لیۆنێل مێسی لەبەر هۆکارێکی تایبەت بەخۆی حەز دەکات لیڤەرپوول ببێتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و لە ریال مەدرید بباتەوە.

ماڵپەڕی سپۆرت 360ی ئینگلیزی ئاشکرایکردووە، لەبەر ئەوەی مێسی خاوەنی چوار نازناوی چامپیۆنزلیگە و لە ساڵەکانی 2006، 2009، 2011 و 2015 نازناوەکەی بەدەستهێناوە، هاوشانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە ئەویش چوار نازناوی بەدەستهێناوە خاوەنی ریکۆردی زۆرترین نازناوی خولەکەیە لەسەر ئاستی یاریزانان، ئەگەر ئەمشەو ریال مەدرید ببێتە پاڵەوان کریستیانۆ ریکۆردەکەی میسی دەشکێنێت.

ئەگەر ئەمشەو کریستیانۆ رۆناڵدۆ ببێتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ ئەوا دەبێتە یەکەم یاریزان لە مێژووی خولەکە پێنج جار نازناوەکە بەدەست بهێنێت، کە پێشتر لە ساڵەکانی 2008، 2014، 2016 و 2017 نازناوەکەی بەدەستهێناوە. بەمەش ریکۆردی مێسی دەشکێنێت کە لە هەموو شتێک رکابەری یەکتری دەکەن، بۆیە پێدەچێت مێسی ئەمشەو هاندەری لیڤەرپوول بێت و حەز بە شکستی ریال مەدرید بکات.

پێشتر خۆردی ئالبای بەرگریکاری بارسێلۆنای ئیسپانیش رایگەیاندبوو، ئەو لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دەبێتە هاندەری لیڤەرپوول و حەز دەکات ریال مەدرید بدۆڕێت، چونکە بە گوتەی خۆی لە هەموو پاڵەوانێتییەک حەز بە شکستی ریال مەدرید دەکات.