عەبادی لەبارەی ھەرەسھێنانی سوپای عێراق ھۆشداری دەدات

"ھەواڵی ناڕاست لەبارەی داعش بڵاودەكرێتەوە"

K24 - ھەولێر

سەرۆك وەزیرانی عێراق ھۆشداری لەبارەی دووبارەبوونەوەی رووخانی سوپا لەبەرامبەر داعش دەدات.

لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سەرۆك ھۆزەكانی ناوچەی معامل لە رۆژھەڵاتی بەغدا حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند: "جێگەی سەرسوڕمانە سەركەوتنی درۆینەی چەكدارانی داعش بڵاودەكرێتەوە، كە كاریگەری نەرێنی لەسەر ئەمنی وڵات و خەڵك بەجێدەھێڵێت"

گوتیشی: "بۆچی ببینە داردەستی داعش بۆ بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە ھەواڵانە".

ھەروەھا حەیدەر عەبادی، ھۆشداریدا لەبارەی دووبارەبوونەوەی رووخانی سوپا لەبەرامبەر داعش، لە ئەگەری بڵاوكردنەوەی زیاتری ھەواڵی ھێرش و سەركەوتنەكانی داعش لەناوچە جیاجیاكانی عێراق.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ماوەیەكە چەكدارانی داعش لە عێراق دەستیان بە چالاكی كردووەتەوە و چەند كردەوەیەكی تیرۆرستیان ئەنجامداوە و ژمارەیە كە ھێزەكانی عێراق و چەكدارانی حەشدی شەعبیان كوشتووە.

سەردانی عەبادی بۆ ناوچەی معامل، دوای ئەوەدێت كە لە چەند رۆژی رابردوودا خەڵكی ئەو ناوچەیە دژی حكوومەتی عێراق خۆپێشاندانیان ئەنجامدابوو.

ھ.م