"ھیچ ئاڵوگۆڕێكی سەربازیی لەناو شاری منبج رووینەداوە"

ھێزەكانی ئەمەریكا و رووسیا چاودێری دۆخەكە دەكەن
kurdistan24.net

K24 - منبج

لە شاری منبج ھیچ ئاڵوگۆڕێكی سەربازی رووینەداوە، تەنیا پۆلیسی سەربازی رووسیا دەستیان كردووە بە دەورەی چاودێری لە نێوان ھێزەكانی حكوومەتی سووریا و چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆنی نزیك لە توركیا لە سەر سنووری منبج. لەلایەكی دیكەشەوە ھێزەكانی ئەمەریكا لە گەڕان و چاودێریكردنی دۆخەكە بەردەوامن.

تیمی كوردستان24 دوایین رەوشی شاری منبج دەخاتەڕوو، لە ناوچە سنوورییەكان و ناو شارەكەدا ئاڵای چەند وڵات و ھێزێكی جیاواز دەبینرێن و ئەمەریكا و رووسیا ھەر یەكە و لای خۆیانەوە چاودێری دۆخەكە دەكەن.

محەمەد ئەبوعادل، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەربازی منبج بە كوردستان24 گوت: "تائێستا دەوری ھاوبەش لەنێوان ھێزەكانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج و ھاوپەیمانان ھەیە، ھەروەھا رێككەوتن لەنێوان ئێمە و ژێزەكانی رووسی ھەیە".

ھەروەھا شەڕڤان دەروێش، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەربازی منبج دەڵێ: "ھیچ ئاڵوگۆڕێكی سەربازی لە منبج رووینەداوە و ھێزە ئەمنییەكانی سەر بە ئەنجوومەنی سەربازی رەوشی ناو شار دەپارێزن".