"نوح" ده‌ڵێت له‌ داهاتووه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ئێستا و گه‌شتى به‌ زه‌مه‌ندا كردووه‌

ئەو كەسەی بانگەشە دەكات لە ساڵی 2030 بەكاتدا گەشتی ئێستا كردووە و گەڕاوەتەوە رابردوو لە ئامێری تاقیكردنەوە و ناسینەوەی راستیی یان درۆ كردن دەردەچێت!
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

ئەو كەسە جەختیشی لەوە كردبووەوە، دۆناڵد ترەمپ بۆ گەڕێكی دیكەی سەرۆكایەتی ئەمریكا دەپاڵێورێتەوە و زیرەكی دەستكرد باڵ بەسەر مرۆڤایەتی دەكێشێت!

گەشتیارێكی كات (ئەو كەسەی گەشت بۆ رابردوو و داھاتوو دەكات) كە خۆی بە كەسێكی سەردەمی داھاتوو دەناسێنێت و بە (نوح) ناسراوە و رژدە لەسەر ئەوەی پەیامی نەوەی داھاتووی پێیە كە ئاگاداركردنەوەی خەڵكە لەسەر داھاتوویان و ھەوڵدان بۆ خۆپاراستن لەو ھەڵانەی ئەنجامیان نەداوە و دەكرێت ئەنجامی بدەن.

یەكێك لە بانگەشەكانی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە مرۆڤی دەستكرد و رۆبۆتەكان بە چاویلكەی ھاوشێوەی چاویلكەكەی گوگڵ بە زەویدا بڵاو دەبنەوە.

نوح دەشڵێت تەكنەلۆجیا بەشێوەیەك پێشدەكەوێت كە توانای بەڕێوەبردنی تەواوی كارەكانی ماڵەوەی ھەبێت.

لەسەر بیتكۆین نوح جەخت لەوە دەكاتەوە، كە ئەو دراوە ئەلیكترۆنیانە تەواو بەربڵاو دەبن، بەڵام دراوە ئاسن و كاغەزەكانیش بەكاردێن.

وەك خۆی دەیڵێت، ئەو راستیيەكان دەگێڕێتەوە كە روودانیان لە دەستی نەوەی ئێستایە، بەڵام ئەگەر گۆڕانكاری ریشەیی نەكرێن ھەمان ئەو رووداوانە روودەدەن كە باسیان دەكات.

ئەو باس لە ئەوەش دەكات كە ساڵی 2030،  سەرۆكێكی نامۆ بە ناوی ئیلانا رێمیكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەڕێوەدەبات.

لەسەر گۆڕانی كەشوھەوا مەترسی خۆی راگەیاندووە، كە ئەمریكای باكور زۆر گەرم دەبێت و بە پێچەوانە پلەكانی گەرما لە ئەوروپا نزم دەبنەوە. دەربارەی گەشت بۆ سەر ھەسارەكان، نوح دڵنیایی دەدات ساڵی 2028 ساڵی گەیشتنە بە ھەسارەی مەریخ.

ھاوكات دەشڵێت لە ھەمان ساڵ كە ساڵی 2028 ئامراز و زانست و تەكنەلۆجیا بەڕادەیەك پێشدەكەوێت، كە بتوانرێت گەشت بەكاتدا بۆ رابردوو و داھاتوو ئەنجام بدرێت.

نوح مژدەی ئەوە دەدات كە ئۆتۆمبێلی كارەبایی تا خێرای ھاوشێوەكانیان دەڕۆن لەوانەی بە بەنزین و گاز كار دەكەن و مژدەیەكی تریشی چارەسەری زۆربەی جۆرەكانی شێرپەنجەیە.

لە دیمانەیەكی رابردووش لەگەڵ پێگەی پارانۆرمال ئێلیت (Paranormal Elite) ئەو گەشتیارەی كات گوتبووی كە تەمەنی راستەقینەی خۆی 50 ساڵە بەڵام بە 25 ساڵ بەدەر دەكەوێت چارەسەریی گەنجبوونەوەی وەرگرتووە بۆیە بە 25 ساڵیی بە دەردەكەوێت.

نوح بەھۆی ئەوەی باوەڕیان بە قسەكانی نەكردووە، ئامادە بووە دیمانەی تەلەڤزیۆنی ئەنجام بدات و تاقیكردنەوەی راستگۆیی بكرێت. دیمانەكە لە تەلەفزیۆنی ئاپێكس (Apex) ئەنجامدراوە و لە یوتیوب بڵاوكراوەتەوە.

لە دیمانەكە كە ئامێری ئاشكراكردنی راستی و درۆشی بۆ بەستراوە، پرسیاری كورت ئاراستەی نوح دەكرێت و ئەویش بە بەڵێ و نەخێر وەڵام دەداتەوە.

نوح دەڵێت دەتوانێت باشتر بسەلمێنێت كە راستی دەڵێت، بەڵام ئەوە رەتدەكاتەوە، چونكە پێی وایە ئەوە دژیەكییەكی زۆر بڵاو دەكاتەوە.

ئەو كەسە لە تاقیكردنەوەكە دەڵێت دۆناڵد ترەمپ ھەڵدەبژێردرێتەوە وەك سەرۆك و سەرۆكێكی دیكەش دوای ئەوەی زۆر بەھێز دەبێت.

لە رابردوو چەند كەسێك بانگەشەیان كردووە، كە گەشتیان بەكاتدا بۆ رابردوو و داھاتوو ئەنجامداوە، بەڵام ھیچیان وەك نوح وەھا تاقی نەكراونەتەوە تا راستی و ناڕاستی دەربكەوێت.

گەشتكردن بە كات لە رووی تیۆری ئەگەرێكی گونجاوە، بەڵام ئەوە پێویستی بە درووستكردنی دەروازە یان ئامێری گەشتكردن ھەیە تا لە خاڵێك بۆ خاڵێكی دیكە گەشت بكرێت.

لە رابردوودا ئەو جۆرە گەشتە باسی لێوەكراوە و بە بۆچوونی زانا و توێژەرانی فه‌له‌كناسى دێرین لە دەقە ئایینییەكان ئاماژەی روون ھەیە بۆ پەیوەندی مرۆڤ بە بوونەوەری دیكە و گەشتی خێرا و كات و شوێنبڕ، كە ئەستەمە ئێستاش لێكدانەوەی ئایینییەكان وەڵامیان بۆیان ھەبێت، بێجگە لە ھەندێك لێكدانەوەی سەرەتایی و مەعجیزە و دەرئاسا. ھاوكات بەشێكی زۆری توێژەرانی بیردۆزی ئەستێرەناسانى دێرین رژدن كە مرۆڤ كۆچی بەناو ئەستێرەكاندا كردووە یان كۆچی پێكراوە و زەوی شوێنی بوون و دروستبوونی خۆیان نیە. بە بۆچوونی ئەوان ئەو جۆرە گەشتە بۆشاییگەرییانە، یان گەشتی بۆشایی-كات، زۆر پێشكەتوو بوونە بە جۆرێك دەبێت توانای دەفرە فریوەكان لە رووناكی چەند سەد تا چەند ھەزار جارێك خێراتر بوو بن، تا بتوانن گەشت بكەن لە ھەسارەیەك كە ژیانی لەسەر بوو بێت بۆ زەوی، چونكە نزیكترین كۆمەڵە خۆر تراپیست وەن-ە كە 40 ساڵی رووناكیی لە زەوی دوورە.

واتا ئەو دووریە دەكاتە 6 تریلیۆن میل بە خێرایی 40 كیلۆمەتر لە یەك چركەدا، بەو پێیەش 158.600 ساڵ پێویستە بۆ گەیشتن بەو كۆمەڵە خۆرە كە نزیكترین كۆمەڵەخۆرە ئەگەری ژیان تێیدا زۆر بەرز بێت.

بە كورتی، دەبێت ئەو ئامێرەی دروست دەكرێت یان ئەو دەرچە-گەرمەی دروست دەكرێت بۆ گەشت كردن دەبێت زۆر لەوە خێراتر مەوداكان ببڕێت، مەگەر بە پێی بیردۆزی رێژەیی بتواندرێت لە بۆشایی-كات بتواندرێت مەوداكان یان بۆشایی-كات نووشتێندرێتەوە و مەوداكان زۆرنزیكتر ببنەوە.

سەرەڕای ئەوەش، ئەگەرەكانی گەشت بە-كات ئەگەری زانستی بەھێزن، بەڵام ئەستەمن!

بۆیە نازانرێت ئایا نوح پێشبینیكارە، یان پەیامبەری داھاتوو! ئەوە پرسیارێكە كە تەنھا بە تێپەڕبوونی كات و لێكۆڵینەوەی زیاتر ئاشكرا دەبێت.

سه‌رچاوه‌: ده‌يلى مێل و ئه‌يپاكس

و: يادگار ئيسماعيل