ئاسايشى كه‌ركووك: كه‌ركووك كراوه‌ته‌‌ سه‌ربازگه‌ و دۆخی شاره‌كه‌ش به‌ هێزه‌ عێراقیه‌كان ناپارێزرێت

كه‌ركووك پێویستی به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی كه‌ركووك بۆ كوردستان24 رایگه‌ياند، ره‌وشى ئه‌منى شارى كه‌ركووك به‌ هێزه‌كانی عێراق ناپارێزرێت و ئه‌وان پێویستیان به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌.

ئیدریس ره‌فعه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی كه‌ركووك له‌ ميانى به‌شداريكردنى له‌ گه‌شتى هه‌واڵه‌كانى كاتژمێر (08:00)ى كوردستان24 رايگه‌ياند، شارى كه‌ركووك كراوه‌ته‌‌ سه‌ربازگه‌ و دۆخی شاره‌كه‌ش به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق ناپارێزرێت و ئه‌وان پێویستیان به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌.

روونيشيكرده‌وه‌، له‌ دواى داگيركردنى شارى كه‌ركووكه‌وه‌،‌ پیلانێك بۆ ته‌عریبكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌.

له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا، به‌رپرسانى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان له‌ كه‌ركووك له‌ چه‌ند بۆنه‌ى جياواز و به‌ به‌ياننامه‌يه‌ك داوايان كرد، هێزى پێشمه‌رگه‌ و ئاسايش بگه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ركووك.

هاوكات له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا، مه‌ڵبه‌ندى دووى يه‌كێتى هه‌ڕه‌شه‌ى كردبوو، ئه‌گه‌ر ئارامى شاره‌كه‌ پارێزراو نه‌بێت، شه‌قام ده‌جوڵێنن بۆ داواكارى گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ و ئاسايش و هاوكات پێشنيازى پێكهێنانى هێزێكى هاوبه‌شى له‌ نێوان پێشمه‌رگه‌ و ئاسايش و هێزه‌ ئه‌منييه‌ عێراقييه‌كان كردبوو.

ئه‌مڕۆش، ئه‌نجوومه‌نى عه‌ره‌بى له‌ پارێزگاى كه‌ركووك له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا ره‌تيكرده‌وه‌، رازى بن به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ و ئاسايش بۆ شارى كه‌ركووك.

راشيگه‌ياند، ناكرێت دزه‌كردنێكى ئه‌منى داعش ببێته‌ هۆى شكاندنى كه‌رامه‌تى پێكهاته‌كانى ديكه‌ى كه‌ركووك.