عه‌ره‌بى هاورده‌ گه‌نمی جووتیارانی كورد ده‌دوورنه‌وه‌

عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان به‌ری ره‌نجی جووتیارانی كوردییان دوورییه‌وه‌
kurdistan24.net

K24 - كه‌ركووك:

عەرەبە هاوردەکانی سنووری کەرکووك، ئەوانەی لە دوای 16ى ئۆکتۆبەرى 2017ەوە بە پاڵپشتی و هاوکاری دەسەڵاتی سەربازی و پارێزگاری سەپێنراوی شارەکە گەڕاونەتەوە، بەدروێنەی بەرووبوومی جووتیارانی کورد کۆتاییان بە چاوەڕوانی ساڵێکی ڕەنج و ماندوووونی جووتیاران هێنا.

لەو کاتەی جووتیارانی کورد لە سنووری قەزای دووبز خۆیان بۆ وەرزی دروێنە ئامادە دەکرد و بەنیازبوون بەرهەمەکانیان بدوورنەوە، عەرەبە هاوردەکان پێشیان کەوتن و دانەوێڵەکانیان بۆ خۆیان دوورییەوە،  بەمەش بارودۆخەکە دەچێتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، پەرلەمانتارێکیش هۆشداری لە درووسبوونی ئاڵۆزی دەدات.

لە سنووری قەزای دووبز 10 هەزار دۆنم زەوی کێشەی موڵکداریان لەسەرە، زەویيەکان لە بنەڕەتەوە موڵکی کوردن، بەڵام رژێمی پێشووی عێراق وەك دیاریيەك پێشکەشی عەرەبە هاوردەکانی کرد، لە دوای 16ى ئۆکتۆبەری 2017شەوە وەك ئەوەی سەدام حوسێن زیندوو بووەتەوە، جارێکی دیکە دەستیان بەسەر زەوييەکاندا گرتەوە.

بەشێك لە جووتیارانی کورد نەچوونە ژێرباری ئەو فشارەوە و زەویيەکانیان بەجێنەهێشت و بەرووبوومەکانیان تێدا چاند، بەڵام ئەمەش سەری نەگرت و عەرەبەکان هاتنەسەر حازری و دووریانەوە.

کێشەکان کەڵەکەبوونە و رۆژانەش لە هەڵکشاندان، لە ئەگەری بەردەوامبوونی کێشەکانیش پێشبینی درووستبوونی ئاڵۆزی دەکرێت، چارەسەری بنەڕەتیش بۆ کێشەکان، سڕینەوەی ئاسەوارەکانی تەعریب و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعسە کە تاکو ئێستاش کاری پێدەکرێت و دژی کورد بەکار دەهێنرێت.

ئ. م