48 زیندانی لە گرتووخانەی گەرمیان تووشی كۆرۆنا بوون

.

K24 - گەرمیان

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ 48 زیندانی لە گرتووخانەی گەرمیان وەك ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستنیشان كران".

پەیامنێری كوردستان24 زانیویەتی، لەکۆی زیاتر لە 80 زیندانی لە گرتووخانەی گەرمیان 48 یان تووشی کۆرۆنابوونە.

د. سیروان محەمەد، بەڕێوبەری تەندروستی گەرمیان ھەواڵەكەی بۆ كورستان24 پشتڕاست كردەوە و ئاماژەی بەوەدا، دوای ئەوەی نموونەیان لە زیندانییەکان وەرگرتووە، بۆیان دەرکەوتووە 48  کەسیان ھەڵگری ڤایرۆسەکەن.

راشیگەیاند، بەپەلە تیمی (تەحقیم)کردن گەیشتوونەتە گرتووخانەکە و ئێستا زیندانییەکان لە یەك جیاکراونەتەوەو خەریکی رشاندنی دژە ڤایرۆسن لە گرتووخانەكە.

پێشتر ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بە كوردستان24ی راگەیاندبوو، لە چاكسازی گەورانی سلێمانی 27 بەندكراو تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە.

ئاشكراشی كرد، زیندانیانی چاكسازی گەورانی سلێمانی لە كارمەندەكانیانەوە تووشی كۆرۆنا بوونە، چونكە پێشتر سێ كارمەند وەك ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستنیشانكرابوون.