قادر عه‌زيز پاساو بۆ عه‌بادى ده‌هێنێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
قادر عه‌زيز، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان، له چاوپێكه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى (كوردستانى نوێ)، ئۆرگانى ره‌سمى يه‌كێتى ره‌خنه له حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌گرێت و داوا ده‌كات "هه‌رێم مه‌رجه‌كانى به‌غدا قبوڵ بكات". هه‌روه‌ها داواش ده‌كات يه‌كێتى به هيچ شێوه‌يه‌ك ناڕازيبوونى حكومه‌تى هه‌رێم له به‌غدا قبوڵ نه‌كات.
له ژماره (7443)ـى رۆژى هه‌ينى و شه‌ممه 15،16ى كانوونى يه‌كه‌م/ ديسێمبه‌رى 2017ى رۆژنامه‌ى كوردستانى نوێ، ئۆرگانى ره‌سمى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان، چاوپێكه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى قادر عه‌زيز ئه‌نجامداوه.
له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا كه له لاپه‌ڕه 4 و 5ى رۆژنامه‌كه بڵاوكراوه‌ته‌وه، قادر عه‌زيز، ره‌خنه‌ى له حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گرتووه و هاوكات ستايشى عه‌بادى كردووه و به "سه‌ركه‌وتوو" له به‌رامبه‌ر "كورد و داعش" وه‌سفيكردووه.
قادر عه‌زيز ده‌شڵێت: "واچاكه حكومه‌تى هه‌رێم مه‌رجه‌كانى به‌غدا قبوڵ بكات". به بڕواى ئه‌و ئه‌ندامه‌ى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى، ئه‌گه‌ر هه‌رێمى كوردستان مه‌رجه‌كانى به‌غدا قبوڵ نه‌كات، ئه‌وا؛ "ئه‌وه‌ى سزاى خه‌ڵكى كوردستان ده‌دات حكومه‌تى هه‌رێمه نه‌ك به‌غدا"، به‌پێى وته‌ى ئه‌و سه‌ركرده‌يه‌ى يه‌كێتى.
له به‌شێكى ديكه‌ى قسه‌كانيدا قادر عه‌زيز، حكومه‌تى هه‌رێم كه حزبه‌كه‌ى خۆى به‌شداره تێيدا و كوڕى سكرتێرى كۆچكردووى يه‌كێتى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ته، به "گه‌نده‌ڵ" ناوده‌بات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت: "حكومه‌تى هه‌رێم به هۆى گه‌نده‌ڵييه‌وه نه‌وته‌كه‌ى ته‌سليم به سۆمۆ نه‌ده‌كرد، تا به‌غدا بودجه بدات، خۆشى به‌و نه‌وته‌ى كه ده‌يفرۆشت چاره‌كه مووچه‌شى پێ نه‌ده‌درا، كه‌چى به‌غداى تاوانبار ده‌كرد، به‌وه‌ى كه مووچه‌ى خه‌ڵكى كوردستانى بڕيوه و سزاى خه‌ڵكى كوردستانى داوه".
هه‌روه‌ها راشيده‌گه‌يه‌نێت، پێويسته "يه‌كێتى ئه‌وه له حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان قبوڵ نه‌كات"، كه داواى ئابوورى سه‌ربه‌خۆ و دژى بڕياره‌كانى به‌غدا بێت.
قادر عه‌زيز كه پێشتر سكرتێرى حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان بوو و له دواى راپه‌ڕينه‌وه ئاڵاى كوردستانى هه‌ڵكردبوو، دواى تۆمه‌تباركردنى به قۆرغكارى، زۆرينه‌ى ئه‌ندامانى حزبه‌كه‌ى دووريان خسته‌وه و پاشان حزبى ئاينده‌ى كوردستانى راگه‌ياند و دواتر په‌يوه‌نديكرده‌وه به يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان و به بێ به‌شداريكردنى له كۆنگره‌دا وه‌ك ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سياسى ئه‌و حزبه ده‌ستنيشان كراوه.