هاووڵاتییه‌كی چینی له‌ هه‌ولێر شوێنی مانه‌وه‌ بۆ 20 خێزانی ئاواره‌ی كه‌ركووك دابین ده‌كات

ئاواره‌یه‌كی كه‌ركووك: یوسف له‌ هه‌مووان میهره‌بانتر بوو
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

یەکێک لە ئووتێلەکانی شاری ھەولێر بەسەردەکەینەوە , خاوەنی ئووتێلەکە کەسێکی بیانییە و خەڵکی وڵاتی چینە , ئەو ناوی جان ییۆنگ جینە , بەڵام بە یووسف بانگی دەکەن.

یوسف حەوت ساڵە لە ھەولێر دەژێت و خۆی بەھاووڵاتییەکی ئێرە دەزانێت, ئەو دەڵێت خەڵکی کوردستانم خۆش دەوێت و بەخزمەتکردنیان دڵخۆش دەبم, یەکێک لەوخزمەتانەش داڵدەدانی 20 خێزانی ئاوارەی کەرکوکە کە لەسەرەتای داگیرکردنی شارەکەوە بەبێ بەرامبەر جێگەی کردوونەتەوە.

یوسف دەڵێت توانای وەرگرتنی خێزانی زیاتری ھەیە , بەڵام داواکاری ئەو لە حکوومەت ئەوەیە لە وەرگرتنی پارەی ئاوو کارەبا یارمەتی بدات, چونکە وەک خۆی دەڵێت تەنیا لەم مانگەدا 5 ملیۆن دیناری بەحکوومەت داوە.

شاڵاو یەکێکە لە ئاوارەکانی کەرکووک, ئەو بەنوێنەرایەتی بەشێک لە ئاوارەکان سەردانی زۆر شوێنی کردووە بۆ دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئاوارەکانی کەرکووک, بەڵام وەک خۆی دەڵێت, یوسفی چینی لەھەموویان میھرەبانتر بووە.

وەرزی سەرما لەرێیە و بەشێک لە ئاوارەکانی کەرکووک و خوورماتوو ھێشتا لەژێر چادر و خانووە تەواونەکراوەکاندان و چاوەڕوانی یوسفەکانن بۆ ئەوەی فریایان بکەوێت و لە سەرمای ئەم زستانە قووتارییان بکات.