ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی په‌نا بۆ "نه‌وه‌ی نوێ" ده‌بات
K24 - هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی ئه‌مریكی، هه‌واڵگری ئه‌مریكا له‌و باوه‌ڕه‌دایه، ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی رێبه‌ری داعش نه‌ك نه‌مردووه، به‌ڵكو كار له‌سه‌ر ستراتیژێكی نوێی دوور مه‌ودا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی رێكخراوه‌كه‌ی هیچ بایه‌ك هه‌ڵینه‌وه‌رێنی. هه‌ر چه‌نده له رووی سه‌ربازییه‌وه له عێراق و سووریا رێكخراوه‌كه‌ی تووشی شكست هات و له ساڵی 2014 وه تا ئێستا میدیاكان 6 جار باسی كوژران و برینداربوونی سه‌ركرده‌ی رێكخراوه خوێنڕێژه‌كه‌یان كردبوو.
سێ جار گووترا به‌هۆی بۆمبابارانی فڕۆكه‌كانی رووسیا و ئه‌مریكا كوژراوه‌و چه‌ند جارێكیش گووتیان به‌هۆی تۆپبارانه‌وه كوژراوه یان بریندار بووه و جارێكیش باسی ئه‌وه‌كرا به‌هۆی ژه‌هرخواردكردنی مردووه.
راپۆرته‌كه‌ی واشنتن پۆست دوای چه‌ند رۆژێكه له راپۆرتێكی كه‌ناڵی سی ئێن ئێنی ئه‌مریكی كه ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یدابوو، ئیداره‌ی ئه‌مریكا و شاره‌زایانی كاروباری گرووپه تیرۆریستییه‌كان پێیانوایه هێشتا داعش مه‌ترسییه له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان هه‌ر چه‌نده "خه‌لافه‌ت"ـیش هه‌ره‌سیهێناوه.
سی ئێن ئێن روونیكردبووه‌وه كه وه‌زاره‌تی ئاسایشی ناوخۆ سه‌رله‌نوێ و بۆ جاری پێنجه‌م له ساڵی 2015 وه هۆشداری داوه كه ئه‌گه‌ری كرده‌ی تیرۆریستی له‌ناو ئه‌مریكا هه‌یه. رۆژێك دواتر تره‌مپ له تویته‌ره‌وه نووسی: "5 گه‌وره سه‌ركرده‌ی داعش ده‌ستگیركراوون" و داعش‌یش به‌رپرسیارێتی هێرشه‌كه‌ی پاریسی گرته ئه‌ستۆ كه ئه‌ندامێكی به چه‌قۆ ئه‌نجامیدابوو.
كه‌ناڵه ئه‌مریكییه‌كه ئه‌وه‌شی راگه‌یاندبووو "هه‌ر چه‌نده ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی دادگاكان فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان بۆ ده‌رده‌كه‌ن كه‌میكردووه، به‌ڵام لێكۆڵینه‌وه له نزیكه‌ی هه‌زار كه‌س به‌رده‌وامه".
ئه‌و به‌رپرسه ئه‌مریكیانه‌ی قسه‌یان بۆ واشنتن پۆست كردووه ده‌ڵێن: "ساڵی 2017 له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌ركرده‌كانی داعشدا له دێره‌زوور، ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی له‌ناكاو چووه‌ته سه‌رباسێكی دیكه و خۆی له باسكردنی شكسته‌كانی رێكخراوه‌كه لاداوه‌و به‌پێویستی زانیوه رێكخراوه‌كه پێداچوونه‌وه به پرۆگرامی په‌روه‌رده و فیركاریی خۆیدا بكات. وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی داعش به‌ناوی ئه‌بو زه‌ید عێراقی پێش ماوه‌یه‌ك ئاشكرای كردبوو و دوای ئه‌وه‌ی له پرۆسه‌یه‌كی هاوبه‌شی هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق و توركیا ده‌ستگیركرا.
به‌گوێره‌ی لێكدانه‌وه‌ی دامه‌زراوه هه‌واڵگرییه‌كان، ئێستا به‌غدادی هه‌وڵه‌كانی چڕكردووه‌ته‌وه تا ئایدۆلۆژیاییه‌كی توندی وه‌ها درووست بكات و له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه پارێزگاریی له هه‌ره‌سی یه‌كجاره‌كی رێكخراوی داعش بكات و كۆمه‌ڵێك نامه‌یشی به ئامانجی وه‌لاوه‌نانی كێشه‌كانی ناو سه‌ركرده‌كانی داعش ناردووه و خه‌ریكی ئه‌وه‌یه له "خه‌لافه‌ته‌وه" رێكخراوه‌كه بگوازێته‌وه بۆ قۆناغی شه‌ڕی نھێنی و تۆڕێكی تیرۆریستی جیهانی".
رۆژنامه ئه‌مریكییه‌كه له زاری كه‌سێكه‌وه كه به لایه‌نگری داعش ناوی بردووه ده‌ڵێت: "داعش به ستراتیژێیه‌تێكی تایبه‌ت كار بۆ درووستكردنی نه‌وه‌یه‌كی نوێی رێكخراوه‌كه ده‌كات. ئه‌بو به‌كر به‌غدادی كه پێشتر مامۆستای زانكۆ بووه له‌گه‌ڵ گه‌وره سه‌ركرده‌كانی رێكخراوه‌كه پێش ماوه‌یه‌ك بڕیاریانداوه، له رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه له عێراق و سووریا و وڵاتانی دیكه منداڵان په‌روه‌رده بكه‌ن و بیانخزێننه ریزه‌كانی رێكخراوه‌كه‌وه و ئه‌و پرسه‌ش زۆرترین پێداگیریی له‌سه‌ر كراوه پاش ئه‌وه‌ی له‌وه دڵنیابوونه‌ته‌وه كه "خه‌لافه‌ت" ناتوانێت به‌رده‌وام بێت".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "سه‌ركرده‌كانی داعش له‌و باوه‌ڕدان، ئه‌گه‌ر "ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت" نه‌شمێنێت، ئه‌گه‌ر بێت‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر منداڵان و نه‌وه‌ی نوێ درووست بكرێت بیرۆكه‌كه‌ی هیچ كاتێك نامرێت، ئه‌و ئه‌ركه‌یش له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی به‌غدادی ده‌ستپێده‌كریت".
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، ھێرشی سوپای توركیا و میلیشیاكانی سووریا بۆ سه‌ر عه‌فرین ده‌رفه‌تی بۆ داعش ره‌خساندووه له ناوچه‌ی بادیه‌ی سووریا خۆی رێكبخاته‌وه‌و هاوكاری و چه‌ك و كۆمه‌ك بگه‌یه‌نێته ناوچه‌كه.
شاره‌زایانیش ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، ده‌رنه‌كه‌وتنی به‌غدادی له مانگی سێپته‌مبه‌ری ساڵی رابردووه‌وه تا ئێستا واتای ئه‌وه نییه كه مردبێت یان كوژرا بێت، به‌ڵكو ئه‌ركه‌كه‌ی گۆڕیووه‌و ده‌یه‌وێت داعش بخاته ده‌ست چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی دیاریكراو و بۆ داهاتوو رێكیبخاته‌وه.
یه‌كه‌م جار دوای داگیركردنی شاری مووسڵ له 10/6/2014 رۆژی 4/7/2014 ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی نووری له مووسڵی كۆن ده‌ركه‌وت و خۆی وه‌ك "خه‌لیفه"ـی موسڵمانان راگه‌یاند.