ماكرۆن سوپای فەرەنسا دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشی

پرۆسەكە بەناوی "خۆڕاگری" دەستپێ دەكات

K24- هەولێر:

ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند، فەرمانی بە سوپای وڵاتەكەی كردووە، لە چوارچێوەی رێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەست بە پرۆسەیەكی تایبەت بكەن.

ماكرۆن لە لێدوانێكدا گوتی: ئەو فەرمانی بە دەستپێكردنی پرۆسەیەكی هێزە چەكدارەكانی فەرەنسا كردووە، بۆ ئەوەی دەست بە پرۆسەی "خۆڕاگری" بكەن، روونیشی كردەوە، ئامانج لەو پرۆسەیە هاوكاریكردنی دانیشتوانی وڵاتەكەیە لە كەرتی خزمەتگوزاری و تەندروستی و پارێزگاری پزیشكی و لۆجستی لە چوارچێوەی رێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا.

هەروەك ماكرۆن بەڵێنیشیدا، دوای تێپەڕبوونی ئەو دۆخە، گرنگی زیاتر بە كەرتی تەندروستی دەدات و بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی نوێ بۆ پەرەپێدانی نەخۆشخانەكان و تەواوی بواری تەندروستی دەنێن.

ئەمە لەكاتێكدایە، ئێستا فەرەنسا لە ریزبەندی پێنجەمی وڵاتانی جیهاندایە، لە رێژەی مردن بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە تا ئێستا هەزار و 331 حاڵەتی مردن بەهۆی ئەو پەتایە لەو وڵاتە تۆماركراون، لە كاتێكدا لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە لە فەرەنسا، تا ئێستا 25 هەزار و 233 حاڵەتی تووشبوون بەو ڤایرۆسە لەو وڵاتە تۆماركراون.

H.B