پارتی و كۆمەڵی ئیسلامی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو

كۆمەڵی ئیسلامی: بەشداری لە كۆبوونەوەی 18 مانگ دەكەین

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ شاندێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كۆبوونەوە، دوای كۆبوونەوەكەش، ھەردوو وتەبێژەكەی پارتی و كۆمەڵ ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەروو.

رێبوار حەمەد، وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند: "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین پەیوەندیی پتەومان ھەبێت و پەیوەندیی لەنێوان لایەنەكان نەپچڕێت. لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ پارتی باسی دۆخی ھەرێمی كوردستان و عێراقمان كرد".

دەربارەی رەشنووسی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتی، مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی گوتی: "لەسەر وەرقە سیاسییەكە كۆمەڵێك گفتوگۆ كراوە و لە وتوێژ داین بۆ ئەوەی ناوەڕۆكەكەی چۆن لە بەرژەوەندیی ھەردوولا لەسەری رێك بكەوین، لەو بڕوایەدام لە قۆناخی كۆتایی دایە و ھەوڵەكانمان چڕكردووەتەوە".

ئاماژەی بەوەشدا: "لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان نێوانمان باشە و بۆ رێككەوتن گەیشتووینەتە قۆناخی كۆتایی".

سەبارەت بە ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، مەحموود محەمەد گوتی: "ھەموو لایەنەكان ھاوڕان لەسەر ئەو دوو كۆبوونەوەیە و ھیچ ئاماژەیەك نییە بۆ بەشداری نەكردنی ھیچ لایەنێك، یان پاشگەز بوونەوە".

گوتیشی: "بە پێویست زانراوە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە ھەولێر بێت".

لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رێبوار حەمەد، ئاشكرای كرد: "وه‌ك كۆمەڵی ئیسلامی، بەشداری لە كۆبوونەوەی 18 مانگی پەرلەمانی كوردستاندا دەكەین".