باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ئوردن له‌ژێر هه‌ره‌شه‌دایه
K24- هه‌ولێر:
دوای بانگه‌شه‌ی خۆپیشانده‌ران بۆ هه‌ڵكوتانه سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ئوردن، هێزه ئه‌منییه‌كان له عه‌ممانی پایته‌خت سه‌رجه‌م رێگا و ده‌روازه‌كانی گه‌یشتن به‌و باڵیۆزخانه‌یان داخست.
به‌گوێره‌ی میدیاكانی ئوردن، شه‌پۆلی خۆپیشانده‌ران به‌ره‌و ئه‌و ناوچه‌یه ده‌چن كه باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكای لێیه، بۆ به‌شداریكردنی له خۆپیشاندنی ناڕه‌زایی له دژی بڕیاره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا سه‌باره‌ت به ناساندنی ئۆرشه‌لیم وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل.
خۆپیشیانده‌ران چه‌ندین درووشمی وه‌ك "سه‌ری ماره‌كه ئه‌مه‌ریكایه" و "ئه‌قسا برینداره .. تۆڵه‌ی خوێنه‌كه‌ی ده‌كه‌ینه‌وه" ده‌یانگۆته‌وه. هه‌روه‌ها داوای داخستنی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكاشیان له وڵاته‌كه‌یان ده‌كرد.
دوای بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ له‌باره‌ی ئۆرشه‌لیمه‌وه، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عه‌ممان هۆشداری دایه هاووڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی له ئوردن، بۆئه‌وه‌ی خۆیان له شوێنی ناڕه‌زاییه‌كانی خه‌ڵك به‌دوور بگرن. هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆش رایگه‌یاندووه، سه‌رجه‌م كاره‌كانیان له ئوردن تاكاتێكی نادیار هه‌ڵپه‌ساردووه و گه‌شتكردنی فه‌رمانبه‌رانیشی بۆ ده‌ره‌وه‌ی عه‌ممان قه‌ده‌غه كردووه.
رۆژی چوارشه‌ممه، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند "له دوا راگه‌یاندندا ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان دانی به ئۆرشه‌لیم وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل‌دا هێنا، له هه‌نگاوی دووه‌میشدا كار بۆ گواستنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌كه‌ی له ته‌ل ئه‌ڤیڤه‌وه بۆ ئۆرشه‌لیم ده‌كات، كه له‌وانه‌یه ئه‌مه‌ش ببێته هۆی تووڕه‌یی و ناڕه‌زایی خه‌ڵك، له‌وانه‌شه هه‌ندێك له‌و توڕه‌ییانه بگه‌نه ئاستی توندوتیژی".
بڕیاره‌كه‌ی دوۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ ناساندنی ئۆرشه‌لیم وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل، كاردانه‌وه‌ی توندی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی لێكه‌وته‌وه، به‌تایبه‌تی جیهانی ئیسلامی.