حەشدی شەعبی چاوی لە دەنگەكانی كەركووكە

پۆستەری كاندیدەكانی فەتح شەقامی قودس دادەپۆشن
kurdistan24.net

K24- كەركووك

بۆ یەکەمجار لەم ھەڵبژاردنەدا، حەشدی شەعبی لەکەرکووك ھەوڵی بەدەست ھێنانی کورسی پەرلەمانی عێراقە و بە گوێرەی پێشبینیەکان، لیستی فەتح بە سەرۆکایەتی ھادی عامری، لە رێگەی پارە ھەڵڕشتنەوە بۆ تورکمانە شیعەکان کورسیەك بە دەست دەھێنن، بەڵام تورکمانە سوننەکان کە لیستێکی ھاوبەشیان ھەیە، دەڵێن، دەنگی تورکمانە شیعەکان لەکەرکووك ناگاتە کورسییەك، مەگەر بە دەنگی عەرەبە سوننەکان بتوانن کورسییەکی پەرلەمانی عێراق بە دەست بێنن، کوردیش ترسی لەوە ھەیە ئەگەر تورکمانە شیعەکان ببنە خاوەن کورسی، داوای پشکی ئیداری شارەکە بكەن.

عەلی موفتی، گوتەبێژی حزبی تورکمان ئیلی بە كوردستان24 راگەیاند: "چاوەڕوان دەكرێت لەم ھەڵبژاردنە شیعەكان لە كەركووك كورسیەك بۆ پەرلەمانی بە دەست بێنن، ئەگەر رێژەی بەشداربووان زۆر نەبێت لە ھەڵبژاردن، ئێمە وەك لیستی بەرەی توركمانی چوار كورسی پەرلەمان بە دەست دێنین".

شەقامی قودسی کەرکووك شەقامێکی سەرەکیییە لە ناوەڕاستی شارەکە،  زۆربەی کاندیدە تورکمانەکان لەوێ پۆستەرەکانیان ھەڵواسیوەو ریکلام بۆ خۆیان دەکەن، پۆستەر و ریکلامی کاندیدی تورکمانە شیعەکان ئەو شەقامەیان داپۆشیووە.

لایەنە کوردییەکان چاویان لە رێژەی بەشداری خەڵکە لەم ھەڵبژاردنە، چونکە وەکو دەڵێن، تا بەشداری کورد زیاتر بێت، رێژەی دەنگەکان بۆ کورسی پەرلەمانی نرخی زیاد دەبێت، بۆیە مەترسییەکانی خۆیان ناشارنەوە کە دوای ھەڵبژاردن تورکمانە شیعەکانش داوای پشك بکەن لە پۆستە ئیداریەکانی كەركووك.

میقداد فیزوڵڵا، کاندیدی سەربەخۆ، سەرۆکی رەوتی کەرکووك بۆ کەرکوکییەکان دەڵێت: "لە دوای رووداوەكانی ساڵی رابردوو دەستوەردانی نا یاسایی لە ئیدارەی كەركووك ھەیە، بوونی ھێزی سەربازی ئیستغلال دەكرێت، ئەگەر كورد لە ھەڵبژاردنەكان بە رێژەیەكی باش بەشداری نەكات، ئەوا دەنگەكانیش پەرتەوازە دەبن و كورد دەبێتە دەنگێكی نزمتر لە شارەكە".

بەپێی ئەو ژمارەی کە حزبە سیاسییەکانی تورکمان بڵاوی دەکەنەوە، لەکەرکووك 220 ھەزار دەنگدەری نەتەوەی تورکمان ھەیە. بۆ ھەڵبژاردنی خولی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەیانەوێت رێژەی کورسیەکانیان بەرز بکەنەوەو ببنە خاوەن چوار کورسی پەرلەمانی لە کۆی 12 کورسی كەركووك.

ھ.م