به وێنه.. حووسییه‌كان به‌م شێوه‌یه بۆسه‌یان بۆ عه‌لی عه‌بدوڵڵا ساڵح داناوه‌ته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
میدیاكانی یه‌مه‌ن، له سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له عه‌لی عه‌بدوڵڵا ساڵح، سه‌رۆكی پێشووی یه‌مه‌ن كه له‌لایه‌ن حووسییه‌كانه‌وه كوژرا، وێنه‌یه‌كی بۆسه‌ی چه‌كدارانی حووسییان بڵاوكردووه‌ته‌وه.
به گوێره‌ی میدیاكان له‌و بۆسه‌یه‌دا عه‌لی عه‌بدوڵڵا ساڵح ده‌ستگیركراوه و له ئۆتۆمبێله‌كه‌ی هێنراوه‌ته خواره‌وه.
وه‌ك سه‌رچاوه نزیكه‌كه ئاماژه‌ی بۆ كردووه، عه‌لی عه‌بدوڵڵا ساڵح، سه‌ره‌تا ره‌زامه‌ندی حووسییه‌كانی وه‌رگرتووه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دوو سه‌ركرده‌ی دیكه‌ی حزبه‌كه‌ی، سه‌نعای پایته‌خت جێبهێڵێت و به‌ره‌و ناوچه‌ی "سه‌نحان" شوێنی له دایكبوونی خۆی بڕوات.
سه‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه، سه‌رۆكی پێشووی یه‌مه‌ن، به یه‌ك ئۆتۆمبێل له سه‌نعای پایته‌خت چووه‌ته ده‌ر و جگه له دوو سه‌ركرده‌ی پارتی كۆنگره‌ی میللی، كه خۆی سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، یه‌كێك له كوڕه‌كانیشی له‌گه‌ڵدا بووه.
وه‌ك له وێنه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، كاروانێك ئۆتۆمبێلی حووسییه‌كان له لاته‌نیشتی رێگه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتوون و ئۆتۆمبێله‌كه‌ی عه‌لی عه‌بدوڵڵا ساڵحیان له ناوچه‌ی "جه‌ردا" راگرتووه.
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه، سه‌ره‌تا هه‌وڵیانداوه له ده‌ست چه‌كداره حووسییه‌كان رابكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان یه‌ك ئۆتۆمبێلیان پێبووه و چه‌كدارانیش حه‌وت، بۆیه توانیویانه رایانبگرن و ده‌ستگیریان بكه‌ن.
وه‌ك سه‌رچاوه‌كه ده‌ڵێت، دوای راگرتنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ش، عه‌لی عه‌بدوڵڵا ساڵحیان له ئۆتۆمبێله‌كه هێناوه‌ته خواره‌وه، دواتریش چه‌كدارانی ئه‌نساڕوڵڵای حووسی، كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن، به ته‌له‌فۆن فه‌رمانییان پێكراوه، سه‌رۆكی پێشووی یه‌مه‌ن بكوژن.
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه، دوای په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه، ئه‌و چه‌كدارانه، 35 گوللـه‌یان له جه‌سته و گووللـه‌یه‌كیشیان له‌سه‌ری سه‌رۆكی پێشووی یه‌مه‌ن داوه.
سه‌رچاوه: RT