سه‌در گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی راگرتووه‌

"بیر لە پێكھێنانی حكوومەتێك مەكەنەوە به‌بێ من"

K24 - هه‌ولێر:

یاساناسان داواكاری خۆپیشاندەران بۆ ھەڵوەشاندنەوەی حكوومەتی ئێستای عێراق بە داوایەكی ئەستەم دەبینن، لەبەر ئەوەی ئەو شوێنەی حكوومەت تێیدا ھەڵدەوەشێنرێتەوە پەرلەمانی عێراقه‌، ئاشكراشە ئێستا پەرلەمان بوونی نيیە و هێشتا ئه‌ندامانی خوولی چواره‌م سوێندی یاساییان نه‌خواردووه‌.

ئەندامێكی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی پێیوایە سەدر بە داواكردن بۆ راگرتنی گفتوگۆكانی پێكھێنانی حكوومەت دەیەوێ رێگری لە پێكھێنانی حكوومەتێك بكات كە لایەنەكانی دیكە خەریكن بەبێ ئەو پێكیدەھێنن.

ئێستا داواكاری خۆپیشاندەران لە دابینكردنی ئاو و كارەبا بەرزتربووەتەوە، ئەوان داوای لاچوونی ئەم حكوومەتەی ئێستای عێراق دەكەن، ھەرچەندە حكوومەتەكە كاربەڕێكەرە، بەڵام بەپێی یاسا ئەمە داوایەكی قورسە, چونكە وەك یاساناسان باسی لێوەدەكەن, رێكارەكانی لادانی حكوومەت لە پەرلەمانەوەیە.

بەپێی نزیكی سەدر لە ھاووڵاتیان, گومان دەكرێت خۆپیشاندانەكانی ئەمجارەش درێژەپێدەری ھەمان جموجۆڵەكانی ساڵی پێشووتری موقتەدا سەدر بێت، تا بە لایەنە براوەكانی دیكە بڵێت "بیر لە پێكھێنانی حكوومەتێك مەكەنەوە لەدەرەوەی من، چونكە ھەر كات بمەوێ شەقام لەدژتان دەجوڵێنمەوە".

ا. م