منداڵانی دوو دایەنگەی سلێمانی چوارڕیانی سەرچنار خاوێن دەکەنەوە
K24- ههولێر:
دوێنێ سێشەممە(17/07/2018)هەردوو دایەنگەی جاف تاوەر و نەورۆز لە شاری سلێمانی، هەڵستان بە ئەنجامدانی چالاکییەک، تیایدا مامۆستا و قوتابییان پێکەوە، حەوزی چوارڕیانی سەرچناریان لە زبڵ و خاشاک پاکردەوە، یەکێک لە قوتابییەکانیش داوا دەکات "گەورەکان ئەو شوێنانە جارێکی دیکە پیس نەکەنەوە".
بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی دایەنگەی جاف تاوەر کە لە پەیجی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویانکردۆتەوە:"منداڵانی ھەردوو دایەنگەی جاف تاوەر و شاری نەورۆز ئەرکی پاککردنەوە و سەرپەرشتی کردنی باخچەی چوارڕیانی سەرچناریان لە ئەستۆ گرت و لە داھاتووشدا بەردەوام دەبن لەم ئەرکە".
دییە فریای تەمەن پێنج ساڵ، یەکێک لە قوتابییە بەشداربووەکانی چالاکییەکە، بەم جۆرە بۆ کوردستان24 لەبارەی پاکردنەوەی حەوزی چوارڕیانەکە دوا: "گەورەکان شوێنەکەیان زۆر پیسکردبوو. پڕ بوو لە شووشەی شکاو و حەوزەکەش وشکبوو بوو. ئێمە پاکمان کردەوە و ماسیشمان خستە ناو حەوزەکە".
لای خۆیەوە یەکێک لە بەڕێوەبەرانی دایەنگەکە لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 لەبارەی هەڵبژاردنی حەوزی چوارڕیانەکە رایگەیاند: "بەهۆی دروستکردنی بەرزە پردەکە. ماوەیەکی زۆر ئێرە(حەوز و باخچەکە) فەرامۆشکراوە".
بەڕێوەبەرەکە گووتیشی، مامۆستایان دوو رۆژ پێشتر، بۆ ماندوونەکردنی زۆری منداڵەکان، بەشێکی زۆری شوێنەکەیان پاککردۆتەوە.
H.J