لە سنووری دیالە دەنگی كورد بە فیڕۆ دەچێت

زیاتر لە‌ 350 كاندید كێبڕكێ لەسەر 14 كورسی دەكەن
kurdistan24.net

K24 - خانەقین

دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر پێگەی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان لاواز بووە، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ترسی لای لایەنە سیاسییەكانی كورد دروستكردووە، كە رەنگە نەتوانن بەھۆی خراپی بارودۆخی ئەمنی و ئاوارەبوونی ھەزاران ھاووڵاتی كورد دەنگی پێویست بێننەوە.

لە کۆی ئەو لیستە کوردیانەی بەشدارن له‌ هەڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق لە سنووری پارێزگای دیالە، یه‌كێتی خۆی به‌ هێزترین لیست له‌ سه‌ر ئاستی لیسته‌ كوردستانییه‌كان ده‌زانێت، پارتیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دوای رووداوه‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ر له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌ داگیركراوه‌كان وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن، دژایه‌تی و رێگری زۆریان لێده‌كرێ، به‌ڵام وەك كاندیدێكی پارتی لە خانەقین ده‌ڵێ سوورن لە سه‌ر بەدەستهێنانی کورسییەکی پەرلەمان له‌ سنووری دیاله‌.

سۆران حەسەن، کاندیدی .یەکیتی لە دیالە بە كوردستان24 گوت: "بەداخەوە كە كورد بە چەند لیستێك لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە ھەڵبژاردن بەشدارە، ھەق بووھەموویان یەك لیست بوو، ئەوكات رەنگە كورد 3 كورسی بە دەستھێنابا".

ھەر لە بارەی پەرتەوازەبوونی دەنگی كورد عیماد جەلیل، کاندیدی پارتی لە دیالە دەڵێت: "لە راستیدا دوای 16 ئۆكتۆبەر دۆخی خانەقین بە تەواوی شێواوە، بەڵام ھەموو ھەوڵێك دەدەین كورسییەك لەو ناوچەیە بە دەست بێنین".

هه‌رچه‌نده‌ به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنی رابردوو بارودۆخی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم جیاوازه‌، به‌ڵام  هاووڵاتیانی خانەقین ئاماده‌یی خۆیان ده‌رده‌بڕن كه‌ به‌شداری پرۆسه‌كه‌ ده‌بن و ده‌نگ به‌و كاندیدانه‌ ده‌ده‌ن كه‌ متمانه‌یان پێیانه‌.

لە سنووری پارێزگای دیالە 22 لیست و قەوارەی سیاسیووی به‌ 359 كاندید له‌ كێبڕكێی لەسەر بە دەستهێنانی 14 کورسی پەرلەمانی عێراق دەكەن، له‌و سنووره‌ زیاتر له‌ ملیۆنێك و 800 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە زیاتر لە 80 هەزاریان کوردن.