ناتانیاهۆ به‌ڵێنێكی مه‌ترسیدار به‌ حیزبوڵڵا ده‌دات

"به‌رله‌وه‌ی پلان بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئیسرائیل دابڕێژیت پێویسته‌ 20 جار بیر بكه‌یته‌وه‌"

K24- هه‌ولێر:

بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیری ئیسرائیل هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی توندی ئاراسته‌ی حیزبوڵڵای لوبنانی كرد و رایگه‌یاند، هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر ئیسرائیل، هاڕانه‌وه‌ بۆ حیزبوڵڵا به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت.

ئه‌مشه‌و له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ناتانیاهۆ وه‌ڵامی گوتاره‌كه‌ی حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا، ئه‌مینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنانی دایه‌وه‌ و گوتی: "به‌ر له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئیسرائیل پێویسته‌ نه‌سروڵڵا 20 جار بیر بكاته‌وه‌"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "له‌ئه‌گه‌ری هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌كیان بۆ سه‌ر ئیسرائیل، ئه‌وا به‌ گورزێكی هاڕێنه‌ر وه‌ڵامیان ده‌ده‌ینه‌وه‌،‌ كه‌ له‌سه‌رووی هه‌موو پێشبینییه‌كانی حیزبوڵڵا و ئه‌مینداره‌كه‌ی بێت".

ئه‌مڕۆ حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا، ئه‌مینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنانی له‌ گوتارێكدا به‌بۆنه‌ی رۆژی عاشوورا "10ی مانگی موحه‌ڕه‌م" گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و، له‌ گوتاره‌كه‌یدا به‌ زمانێكی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز هێرشی توندی كرده‌ سه‌ر ئیسرائیل.

H.B