پارتی وەڵامی گۆڕان دەداتەوە

"سەربەخۆیی لە ھەموو ئەگەرەكان چارەنووس سازترە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، وەڵامی ئەو پەیامەی بزووتنەوەی گۆڕان دەدەینەوە كە لە راگەیاندنەكان بسیتوومانە.

ئەحمەد کانی، بەرپرسی لقی 2 پارتی بە كوردستان24 گوت: "ھەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی لەگەڵ لیژنەی دانووستانكاری لایەنە سیاسییەكان پەیامەكە شیدەكەنەوە و وەڵامی پەیامەكەی گۆڕان دەدەنەوە".

گوتیشی: "ئومێد دەكەین ئەوانیش بێنە نێو بەرەی لایەنە سیاسییەكان بۆ سەرخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، چونكە دڵنیاین مەسەلەی ئەنجامدانی ریفراندۆم، دواتر راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان لە ھەموو ئەگەرەكان گەورەتر و چارەنووس سازترە".

پێشتر هێمن هه‌ورامى، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ‌و به‌رپرس له‌ به‌دواداچوونی كاره‌ سیاسی ‌و په‌یوه‌ندییه‌ گشتیه‌كانی مه‌كته‌بی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندبوو: "هه‌تا گۆڕان به‌ فەرمی په‌یوه‌ندى به ‌پارتییه‌وه‌ نه‌كات بۆ كۆبوونه‌وه‌ جارێكی دیكە ئێمه‌ په‌یوه‌ندى به ‌گۆڕانه‌وه‌ ناكه‌ینه‌وه‌".

ئەمە لەكاتێكدایە لە چەند رۆژی رابردوودا، جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە راگەیەندراوێكدا ھەڵوێستی حزبەكەیان لەبارەی ریفراندۆم و كاراكردنەوەی پەرلەمان راگەیاند، لە راگەیەندراوەكەدا گۆڕان داوای دواخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی كردووە.