هه‌رێم گفتوگۆكانی مادده‌ی 140 ده‌باته به‌غدا
K24- كه‌ركووك:
بڕیارە هەفتەی داهاتووو شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و گفتوگۆ لەبارەی مادده‌ی 140 و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بکەن.
یەکێك لەو بابەتانەی بڕیاره شاندەکە له به‌غدا گفتوگۆی له‌باره‌وه بكات، پرسی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووك و ناوچە دابڕاوەکانە و شاندی کوردی دەیەوێت، لەگەڵ بەغدا لێژنەیەکی باڵا پێک بهێنن بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی ماددەی 140.
جێبەجێکردنی ماددەی 140 لە سێ قۆناخ پێک دێت (ئاساییكردنه‌وه، سه‌رژمێری، ڕاپرسی)، كه‌چی لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا‌و تا ئێستا قۆناغی یەکەمی ماددەکە جێبەجێ نەکراوە. وێده‌چێت لەم خولەی پەلەماندا هەوڵەکان جیددی‌تر بن، چونکە لە بودجەی گشتیی عێراق پارەی بۆ تەرخان کراوە.
هاووڵاتییانی ئه‌و شاره‌ش جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، له ساڵانی رابردوودا حكوومه‌ته‌كانی به‌غدا نیازی جێبه‌جێكردنی ئه‌و مادده‌یه‌یان نه‌بووه، هه‌ر بۆیه‌ش دۆخی كه‌ركووك به‌م رۆژه گه‌یشتووه.
شامێل كه‌ركووكی، كه پیشه‌ی مامۆستایه ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی به‌غدا نیازی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 14ی هه‌بوایه، ئه‌وا دۆخی ئێستای كوردی ناوچه جێناكۆكه‌كان به‌م شێوه‌یه نه‌ده‌بوو" و ده‌شڵێت: "من باوه‌ڕم وایه به‌غدا هیچ چاره‌سه‌رێكی بۆ ئه‌م پرسه نییه، بۆیه ده‌بێت كورد جێگره‌وه‌ی دیكه‌ی هه‌بێت و بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه بۆ سه‌ر هه‌ریمی كوردستان، كه ئێستا دۆخه‌كه‌یان زۆر ناله‌باره، پێویسته جیددی‌تر كار له‌سه‌ر مادده‌ی 140 بكات".
مامۆستایه‌كی دیكه‌ش به ناوی په‌روین فاتیح، دووپاتی ده‌كاته‌وه، كه به 16 ساڵ حوكمڕانیی به‌غدا دوای نه‌مانی رژێم، ئه‌گه‌ر هه‌ر ساڵه و به‌شێك، یان بڕگه‌یه‌ك له مادده‌ی 140ی جێبه‌جێ كرابووا، ئێستا ته‌واوی ئه‌و پرسه یه‌كلایی ده‌بووه‌وه.
له‌كاتێكیشدا لە پەرلەمانی عێراقەوە پارە بۆ جێبەجێکرنی قۆناغەکانی ماددەی 140 تەرخان کراوە، كه‌چی ڕێبوار تەها، په‌رله‌مانتاری كورد له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: "مادده‌ی 140 مادده‌یه‌كی زیندووه و ئه‌ركی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه كوردییه‌كانه، كه به‌یه‌كه‌وه ئه‌م پرسه به جیددی له‌گه‌ڵ به‌غدا باس بكه‌ن".
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: نحكوومه‌تی ئێستای به‌غدا له‌گه‌ڵ حكوومه‌ته‌كانی پێشوو جیاوازه، چونكه بواری گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای عێراق، فراوانتره و ده‌كرێت قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت". هاوكات ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، كورد توانی كاریگه‌ر بێت بۆ ئه‌وه‌ی له بودجه‌ی ساڵی 2019 به‌شێك بۆ ناوچه جێناكۆكه‌كان ته‌رخان بكرێت، كه له ساڵانی رابردوودا هیچ به‌شه بودجه‌یه‌كی بۆ ته‌رخان نه‌كرابوو. بۆیه ئه‌مه ده‌رفه‌تێكه بۆ كورد، كه قسه‌ی جیددی له‌سه‌ر پرسی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 بكات.
H.B