سبەی شەو باشترین یاریزانی جیهان دەستنیشان دەکرێت

محەمەد سەڵاح و لۆکا مۆدریچ و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەربژێرن

سبەی دووشەممە لە مەراسیمێکی ساڵەندا فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان باشترین یاریزانی جیهان دەستنیشان دەکات و چەند خەڵاتێکی دیکەش دابەش دەکرێت.

سبەی شەو کاتژمێر 08:30 بە کاتی هەولێر لە لەندەن لە هۆلی فێستیڤاڵی رۆیال فیفا خەڵاتی باشترینەکانی ئەمساڵ دابەش دەکات، فیفا لەو شەوەدا نۆ خەڵاتی جیاواز دابەش دەکات، کە لە هەموویان گرنگتر خەڵاتی باشترین یاریزانی پیاوی جیهانە، کریستیانۆ رۆناڵدۆی هێرشبەری پۆرتوگاڵی یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی، لۆکا مۆدریچی ناوەڕاستکاری کڕواتی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و محەمەد سەڵاحی هێرشبەری میسری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی سێ بەربژێری کۆتایی ئەم خەڵاتەن.

لەسەر ئاستی راهێنەرای پیاویش هەریەکە لە زینەدین زیدانی راهێنەری فڕەنسی پێشووی ریال مەدریدی ئیسپانی، دیدیێ دیشامپی راهێنەری هەڵبژاردەی فڕەنسا و زلاتکۆ دالیچی راهێنەری هەڵبژاردەی کڕواتیا ململانێ لەسەر خەڵاتی باشترین راهێنەری ئەمساڵ دەکەن، لەسەر ئاستی گۆڵپارێزانیش هەریەکە لە تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکی، هۆگۆ لۆریسی گۆڵپارێزی فڕەنسی و کاسپەر شمایکلی گۆڵپارێزی دانیمارک بەربژێری بەدەستهێنانی خەڵاتەکەن.

بۆ خەڵاتی پوشکاشی تایبەت بە جوانترین گۆڵی جیهانیش 10 گۆڵ بەربژێرکراون، هەر دە گۆڵەکە رکابەری لەسەر خەڵاتی جوانترین گۆڵی جیهان دەکەن و لە رێگای ماڵپەڕی فیفاوە سەردانیکارانی ماڵپەڕەکە دەنگیان بە جوانترین گۆڵ داوە و ئەو خەڵاتەش سبەی شەو دابەش دەکرێت.

فیفا جگە لەم خەڵاتانە، باشترین خانمە یاریزان و باشترین خانمەراهێنەریش دەستنیشان دەکات، باشترین هاندەری ئەمساڵ و باشترین پێکهاتەی جیهانیش ئاشکرا دەکات و خەڵاتی یاریی خاوێنیش لەلایەن جیانی ئینفانتینۆ دەدرێت.