پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک: لەگەڵ یەکێتی دوو هاوبەشی سەرکەوتووین

"لەگەڵ پارتی پەیوەندیمان نییە"

K24 – هه‌ولێر:

پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك ئاشكرای دەكات، لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گفتووگۆ و دانوستانیان هەیە، بەڵام لە پارتی دوورن.

راکان جبووری، پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی کەرکووک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆر باشن و لەسەر پرسەکانی تایبەت بە کەرکووک، گفتوگۆ و راوێژ بە یەکەوە دەکەن و دوو هاوبەشی سەرکەوتوون.

راكان گوتیشی: "هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ پارتیی دیموکراتی کوردستان نییە و میدیاکانیش رۆڵێکی خراپ لەو دۆخەدا دەگێڕن".

لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، شەپۆلێکی بە عەرەبکردن لە هەردوو پارێزگای کەرکووک و دیالە، بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژڕاو دەستی پێ کردووە و کوردەکانی ئەو ناوچانەش، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک بە رۆڵگێڕی ئەو شاڵاوە تۆمەتبار دەکەن.

H.J