زمانى كورديى له‌سه‌ر تابلۆكانى عه‌فرين لاده‌برێت و توركيى جێگه‌ى ده‌گرێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
چالاكان له تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى بڵاويانكرده‌وه، هه‌ريه‌ك له سوپاى توركيا و ميليشيا هاوپه‌يمانه‌كانى ده‌ستيانكردووه به گۆڕينى تابلۆى سه‌ر دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت له عه‌فرين و زمانى كورديى له‌سه‌ر تابڵۆكان ده‌سڕنه‌وه.
ژماره‌يه‌ك له‌و چالاكانه، وێنه‌ى تابلۆى نوێى سه‌ر نه‌خۆشخانه‌ى سه‌ره‌كى عه‌فرينيان بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه له سه‌ره‌وه به زمانى توركيى و له خوارييه‌وه به عه‌ره‌بى نووسراوه.
ئه‌و تابڵۆيه پێشتر به زمانى كورديى و عه‌ره‌بى له‌سه‌رى نووسرابوو، به‌ڵام دواى داگيركردنى شارى عه‌فرين له (18ى ئازار/ مارسى 2018)دا، وه‌ك ئه‌وه‌ى چالاكانى كورد له تۆڕه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان ئاماژه‌ى بۆ ده‌كه‌ن، هه‌ڵمه‌تێكى فراوان بۆ سڕينه‌وه‌ى مۆركى كورديى شاره‌كه ده‌ستيپێكردووه.
سايتى (الاتحاد برس)، بڵاويكردووه‌ته‌وه، "گۆڕينى تابلۆى نه‌خۆشخانه‌ى عه‌فرين، به‌شێكه له پرۆسه‌ى گۆڕينى پێكهاته‌ى دانيشتوان (ديموگرافيا)ى عه‌فرين، كه سوپاى توركيا و ميليشيا هاوپه‌يمانه‌كانى له دژى كورد ئه‌نجاميده‌ده‌ن".
ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كردووه، "ئه‌و پرۆسه‌يه ته‌نيا به گۆڕينى ناوى شوێن و تابڵۆ ره‌سمييه‌كان نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵكو سه‌دان خێزانى ئاواره‌ى ناوچه‌كانى غه‌وته‌ى خۆرهه‌ڵات و خێزانى ميليشيا چه‌كدارييه‌كان كه له غوته پاشه‌كشێيان كردووه، له سه‌ر ماڵ و حاڵى هاووڵاتيانى ره‌سه‌نى عه‌فرين نيشته‌جێ كراوون".
سه‌رچاوه: الاتحاد برس
ا. م