كوتله‌ی به‌در: ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت ئاراسته‌ی خۆپیشاندانه‌كان بگۆڕێت

سائیروون: حکومەتی عێراق نایەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بپچڕێنێت

K24 – هه‌ولێر:

کوتلەی بەدر لە پەرلەمانی عێراق ئەمریکییەکان بە هاندانی خۆپیشاندەران بۆ هێرشکردنە سەر دامودەزگا حکومییەکان تۆمەتبار دەکات، هاوپەیمانێتی سائیروونیش جەختدەکاتەوە، حکومەتی عێراق نایەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بپچڕێنێت و بەبێ رەزامەندی حکومەت نابێت هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە بمێننەوە.

لەدوای بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە، لایەنە شیعەکان سووربوون لەسەر ئەوەی لەماوەیەکی دیاریکراودا دەبێت هێزەکانی ئەمریکا خاکی عێراق بەجێبهێڵن، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 15 رۆژ بەسەر بڕیارەکەی پەرلەمان هێشتا هەندێک گرووپ و میلیشیاکانی سەر بە حەشدی شەعبی هەڕەشەی بە ئامانجکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە دەکەن، ئەگەر لە خاکی عێراق نەچێتەدەرەوە.

جەواد تەڵیباوی، سەرکردە لە بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلولحەق لەبارەی بوونی ئەمریکییەکان لە عێراق رایگەیاندووە، جگە لە پەیوەندی کوشتن و تۆڵەکردنەوە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئەوان و ئەمریکادا نییە.

هاوکات حەسەن شاکر، سەرۆکی کوتلەی بەدر لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە، ئیدارەی ئەمریکا لەڕێگەی پێدانی پارە بە هەندێک لایەن هەوڵی دروستکردنی پشێوی لە عێراق دەدات.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی خۆپیشاندانی ملیۆنی هەینی داهاتوو ئەمریکییەکان لە رێگەی گۆڕینی خۆپیشاندانی ئاشتیانە و  سووتاندنی دامەزراوە گشتی و تایبەتەکان کار لەسەر تێکدانی بارودۆخی عێراق دەکه‌ن.

لەبەرامبەریشدا، ریاز مەسعودی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتی سائیروون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر روونیکردووەتەوە، عێراق پەیوەندی لەگەڵ (40) بۆ (50) وڵات هەیە، لەنێویشیاندا ئەمریکا بۆیە حکومەت نایەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا کۆتایی پێ بێت.