ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ نه‌ریتی ئاهه‌نگی ره‌مه‌زان و جه‌ژن ده‌شكێنێ
K24 - هه‌ولێر:
دوو به‌رپرسی ئه‌مریكی رایانگه‌یاند" ریكس تیلرسۆن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، ره‌تیكردووه‌ته‌وه میوانداری ئاهه‌نگێك به بۆنه‌ی مانگی ره‌مه‌زان بكات، ئه‌مه‌ش وه‌ك ده‌رچوونه له‌و نه‌ریته‌ی نزیكه‌ی 20 ساڵی پێشووتر ئیداره‌كانی كۆماری و دیموكراته‌كان په‌یڕه‌ویان كردووه‌و هه‌ندێك حاڵه‌تی ده‌گمه‌ن نه‌بێت هه‌موو جارێك به‌و كاره هه‌ڵساون".
له ساڵی 1999 وه وه‌زیره كۆماری و دیموكراته‌كان، به بۆنه‌ی مانگی ره‌مه‌زان ئاهه‌نگ و خوانیان بۆ موسڵمانان ئاماده ده‌كرد، یان له كۆتایی مانگه‌كه‌دا به بۆنه‌ی پشووی جه‌ژنه‌وه له باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌ت ئاهه‌نگی پێشوازییان سازكردووه.
به‌ڵام ئه‌و دوو به‌رپرسه كه ره‌تیانكردووه‌ته‌وه ناویان ئاشكرا بكرێت به ئاژانسی رۆیته‌رزیان راگه‌یاندووه" تیلرسۆن داواكاری ئۆفیسی ئایینه‌كان و كاروباری جیهانیان له وه‌زاره‌ته‌كه بۆ سازدانی ئ رێوڕه‌سمی جه‌ژنی ره‌مه‌زانیش ره‌تكردووه‌ته‌وه".
به گوێره‌ی یاداشتێك كه به‌رواری 6/4/2017 له‌سه‌ره‌و ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز بینیوویه‌تی، وه‌ك هه‌میشه ئه‌و ئۆفیسه پێشنیار و پرۆژه‌ی بۆ رێكخستنی ئه‌و بۆنه‌یه‌ی بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئاماده كردووه، به‌ڵام تیلرسۆن ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌و گوتوویه‌تی ئه‌مساڵ هیچ پلانێك بۆ سازكردنی ئاهه‌نگێكی دیار و به‌رچاو به بۆنه‌ی مانگی ره‌مه‌زان له وه‌زاره‌ت به‌ڕێوه ناچێت".
رۆیته‌رز داوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی له گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كردووه و ئه‌ویش له وه‌ڵامدا گوتوویه‌تی" به‌رده‌وام هه‌وڵی هه‌ڵبژاردنی بژاره‌یه‌ك ده‌ده‌ین بۆ ئاهه‌نگی جه‌ژنی ره‌مه‌زان، باڵیۆزخانه‌كانیشمان هانده‌ده‌ین له چوارچێوه‌ی چالاكی جۆراوجۆردا كه ساڵانه پێی هه‌ڵده‌ستن له سه‌رانسه‌ری جیهاندا به‌و كاره هه‌ڵبستن".
چالاكوانه موسڵمانه‌كان ئیداره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ به وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستێكی نه‌گونجاو و دوور له برایه‌تی به‌رامبه‌ر موسڵمانان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، به تایبه‌تی سووربوونیان له هه‌وڵه‌كانی رێگه‌گرتن له به‌رده‌م چوونی هاووڵاتیانی وڵاته زۆرینه موسڵمانه‌كان بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا.