گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووك تاوتوێ دەکرێت

بەغدا ناتوانێ كەركووك بپارێزێ
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە گەڕانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە دەکرێت، بۆ پاراستنی سنوورەکانی شاری کەرکووك بە ھاوبەشی ھێزە عێراقییەکان، تەوەری سەرەکی نێو کۆبوونەوەیەكی دوو رۆژی رابردوو حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکووك بووە و تێیدا جەختیان لەوە کردوەتەوە لە ئەستۆگرتنی ئەمنیەتی شارەکە بە پێی دەستوور ئەرکی ھەموو پێکھاتەکانە.

شارەزایەکی یاسایی بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم پێیوایە لەم قۆناخەدا کورد لە ژێر ھەر ناونیشانێك بگەڕێتەوە گرنگی خۆی ھەیە.

 ھەڵمەت غەریب، شارەزایی یاسایی بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێستا گرنگ ئەوەیە كورد لە كەركووك بوونی ھەبێت، ئەمەش سوودی ھەیە بۆ ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بەبێ بوونی كورد لەشارەكە زیان بە پێگەی داھاتووی كورد دەگات، ئەو كات رەنگە عێراق لەژێر رۆشنایی ھەڵبژاردن بیر لە چارەسەری كێشەی كەركووك بكاتەوە، گەڕانەوەی كورد بەھێزی سەربازی و سیاسی بۆ كەركووك، ھەم بۆ رووبەڕوو بوونەوەی داعش كە ئێستا مەترسی لە ناوچەكە سەری ھەڵداوەتەوە، ھەمیش بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 گرنگی زۆری دەبێت".

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك رایدەگەیەنێت، پێشمەرگە میلشیا نییە و ھێزێکی باوەڕپێکراوە و قوربانی داوە لە شەڕی داعش و لە دەستووری عێراقیش دانی پێدا نراوە، بۆیە تا ماددەی 140 لە دەستووری فیدراڵی عێراق جێبەجێ دەکرێت پێویستە بگەرێتەوە شارەکە.

جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك دەڵێت: "دەبێ حكوومەتی عێراق ئەوە بزانێت كە ناتوانێ بە تەنیا ئیدارەی كەركووك و ناوچەكانی دیكە بەڕێوەببات، ھێزی پێشمەرگە لە شەڕی داعش قوربانی زۆریداوە، بەپێی دەستوور ھێزی پێشمەرگە ھێزێكی دانپێدانراوی عێراقە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی كە ناكۆكیان لەسەرە دەتوانێ لێی جێگیربێت، جگە لەوەش پێشمەرگە ھێزێكی میلیشیایی نییە تا نەتوانێ ئەو ناچانە بپارێزێت و ئیدارەیان بدات".

دوای داگیركردنی كەركووك، ئێستا حکوومەتی عێراق، درکی بەوەکردووە کە ناتوانێت ئیدارەی ئەو ناوچانە بكات، كە لە 16 ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، داگیری كردوون، بۆیە جارێکی دیكە پەنای بۆ کورد ھێناوە، تاکو رەوشی ئەمنی کەرکووك بەرە ئاڵۆزی زیاتر نەچێت.

ھ.م