ژمارەیەك فراكسیۆن و ھاوپەیمانی بایكۆتی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەكەن

رێژەی یاسایی تەواو نابێت

K24 - بەغدا

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تا ئێستا دەستی پێنەكردووە و سائیرون و نەسر و میحوەری وەتەنی و یەكێتیش لەسەر بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكە رێككەوتوون.

پەیامنێری كوردستان24 لە بەغدا رایگاند: "ھەریەك لە ھاوپەیمانێتییەكانی سائیرون و نەسر و میحوەری وەتەنی و یەكێتی بڕیاریانداوە بەشداری لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران نەكەن و بایكۆتی بكەن، بەھۆی تەواو نەبوونی رێژەی یاساییش تا ئێستا كۆبوونەوەكە دەستی پێنەكردووە، كە بڕیار بوو دەنگ لەسەر تەواوكردنی پێكھاتەی كابینەی حكوومەتی عێراق بدرێت و ئەو ھەشت وەزارەتەی كە ماون تەواو بكرێن".

ئاماژەی بەوەش كرد: "ئێستا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و عادل عەبدولمەھدی و ھاوپەیمانێتی ئیسڵاح و بینا لە كۆبوونەوەدان بۆ دانوستان لەسەر پۆستی وەزیرەكانی بەرگری و ناوخۆ كە جێی ناكۆكی لایەنەكانن".