بایدن دهبێته ركابهری ترهمپ
K24 - ههولێر:
دوای چەند مانگێک لە دەنگۆ و پێشبینی، دواجار جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا، جۆو بایدن بە فەرمی پالاوتنی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا راگەیاند. جۆ بایدن، بە پەیامێکی ڤیدیۆیی و بە دروشمی یەکسانی دژی جیاکاری و رەخنەگرتنی راستەوخۆ لە دۆناڵد ترەمپ، دەستی پێ کرد.
جێگری سەرۆکی پێشووی سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئهمڕۆ پاڵاوتنی خۆم بۆ سەرۆکی ئەمریکا رادەگەیێنم. ئەمریکا هزرێکە بەهێزتر لە هەر سوپایەک، مەزنتر لەهەر دەریایەک، هزرەکە زۆر لە دکتاتۆر و خۆسەپێنێک گهورهتره، ئەمریکا هزرێکە هیوا بە خەڵکی هەموو جیهان دەبەخشێت، دڵنیایی دەدات کە مامەڵەی لەگەڵ هەمووان بەو پەڕی رێزگرتنەوە بێت و رێگە نادات رق لەنگەر بگرێت. ئەمریکا لەسەر بنەمای باوەڕبەخۆبوون و توانای کەسیی بونیات نراوە، کە تاکەکەس دەتوانێت ههر کارێک بکات ئەگەر باوهڕی بەخۆی بێت، ئێستا لەم هەڵبژاردنەدا ئەو بەهایانە لەژێر هەڕەشەن".
بایدن لە پەیامی پاڵاوتنی خۆی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا بە پێویستی دەزانێت لە پێناو گەڕانەوەی بەهاکانی ئەمریکا و دیموکراسی، رێگریی لە چوارساڵی تری سەرۆکایەتیی ئەمریکا بکات، کە بە قسەی خۆی، ئەو بەهایانە بە هۆی دۆناڵد ترەمپهوه لە ژیر هەڕەشەن و ناتوانێت رێگە بدات بەردەوام بن. بایدن ئیستا تەمەنی 76 ساڵە، ئەو بە کەسایەتیێکی قاییلکار و ئەکادیمی و نەرم ناسراوە. شارەزایهکی توێژینەوە سیاسییەکانیش پێیوایە، كه دەرفەتی نوێنەرایەتیکردنی دیموکراتەکان و دواجار بردنەوەی هەڵبژاردنەکانیش بۆ جۆو بایدن، زۆر بەهێزن.
مایکل ترۆوگات، تویژەری سیاسی دهڵێت: "دیموکراتەکان هەوڵی هەڵبژاردنی پاڵێوراوە گەنجەکان دەدەن، لەناو ئەو ژمارە پاڵێوراوەدا، کە لە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و رەگەزەکان کێبڕکێی یەکتری دەکەن، بایدن لەو رووە لەگەڵ ئەو خواستەی دیموکراتەکان یەک ناگرێتەوە. یەکێک لە لایەنە هەر ئەرێنییەکانی جۆو بایدن توانای گەیاندنی پەیامەکانە. ئەو دەزانێت چۆن و لەگەڵ كێ قسە دەکات، بە چ زمانێک و لەسەر چ بابەتگەلێک قسە بۆ خەڵك دەکات، کە ئەوان دەیانەوێت."
بایدن ئەزموونێکی باشی لە کۆشكی سپی هەیە، بە بۆچوونی شارەزایانیش، شارەزایی جێگری پێشووی سەرۆکی ئهمهریکا لە کاروباری دەرەوە، خاڵێکی بەهێزی دەبێت لەناو کێبڕکێ ناوخۆییەکانی پارتهكه لەگەڵ پاڵێوراوی کۆمارییەکانیش، لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بۆچوونی جیایە لە دیموکراتەکانی دیكه و تەنانەت لە ساڵی 2003، دوای ئازادکردنی عێراق، بایدن پشێنیازی سێ هەرێـمی کرد، ئهمهش وەک چارەسەرێکی ئهفسوناوی بۆ کێشەی عێراق.
بایدن بە کەسێکی راشکاو و ئەنجامدەر لە قەڵەم دەدرێت و لە قسەکردنیش زۆر بە روونی و ئەکادیمی قسە دەکات. لە ساڵی 1973 تا ساڵی 2009 لە کۆنگرێس نوێنەرایەتی کردووە.