له‌ ئاكامى بۆردومانى فڕۆكه‌كانى توركيا 7 هاووڵاتى هه‌رێمى كوردستان شه‌هيد بوون

بۆردومانه‌كه‌ گه‌لى نێروه‌ و رێكانى گرتووه‌ته‌وه

K24 – هه‌ولێر:

حه‌وت هاووڵاتى دانيشتووى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئاكامى بۆردومانى فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كانى توركيا له‌ ناوچه‌ سنوورييه‌كانى سه‌ر به‌ پارێزگاى دهۆك شه‌هيد بوون.

وارشین سەلمان، به‌ڕێوبه‌رى ناحيه‌ى شيلادزێ تايبه‌ت به‌ كوردستان 24ى راگه‌ياند، فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كانى توركيا شه‌وى رابردوو 19/20ى ئه‌يلوول/ سێپتێمبه‌رى 2017، بۆردومانى ناوچه‌ سنوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانيان له‌گه‌ڵ باكوورى كوردستان كرد و له‌ ئاكامدا 7 هاووڵاتى شه‌هيد بوون.

روونيشيكرده‌وه‌، بۆردومانه‌كه‌ گه‌لى نێروه‌ و رێكانى گرتووه‌ته‌وه‌ و ئه‌و هاووڵاتيانه‌ش خه‌ڵكى گونده‌كانى سيدانى و كێرا دێرێنه‌.

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد، قوربانییەکان بە مەبەستی هێنانەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و راوە ماسی چووبوونە گوندەکانیان لەو ناوچەیە کە نزیکن لە بارەگاکانی پەکەکە.

به‌ڕێوبه‌رى ناحيه‌ى شيلادزێ ئه‌وه‌شى ئاشكرا كرد، سێ لەو هاووڵاتییانە لە سەر رووباری (مارکی) شەهید بوونە و چواریتریش لە شوینێک کە نزیکەی شەش سەعات بە پێ دوورە لە شیلادزێ. 

ناوى شه‌هيده‌كان:

1-جێگر مسته‌فا محه‌ممه‌د تاهير، سيدانى.

2- عه‌لى مسته‌فا محه‌ممه‌د تاهير، سيدانى.

3- سيداد سديق محه‌ممه‌د تاهير، سيدانى.

4- حه‌كيم سه‌عيد جيجۆ، كريادێرى.

5- شه‌عبان ره‌شيد مسته‌فا، رێكانى.

6- عسمه‌ت ته‌مه‌ر ئه‌مين، رێكانى.

7- فاخير تاهير مسته‌فا رێكانى.