"پارتی ده‌نگی پێشمه‌رگه له فه‌وتان رزگار ده‌كات"
K24 - هه‌ولێر:
هه‌وڵێكی دیكه‌ی چه‌ند لایه‌نێكی عێراقی و كوردستانیی دژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان شكستیهێنا و دادگای فیدراڵی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگی پێشمه‌رگه و ئاواره‌كان و هاووڵاتیانی ده‌ره‌وه به ناده‌ستووریی له قه‌ڵه‌مدا.
یه‌كه‌مجار نییه به‌غدا دژی پێشمه‌رگه كار ده‌كات. ده‌یه‌وێت په‌راوێزیان بخات. مافه‌كانیان نه‌دات. هه‌ر له پاش رووخاندنی رژێمه‌كه‌ی سه‌ددام له ساڵی 2003 و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سوپای عێراق، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بوونه هێزی بنه‌ڕه‌تی پێكهێنانی یه‌كه سه‌ربازییه‌كانی عێراق. ته‌نانه‌ت دامه‌زراوه باڵاكانی عێراقیشیان له به‌غدا ده‌پاراست. جگه له چه‌ند گرووپێكی میلیشیای مه‌زهه‌بی، هیچ هێزێكی نیزامیی له عێراقدا بوونی نه‌ما.
له به‌رامبه‌ردا ھێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌و كاته‌وه تا ئێستا به‌رده‌وام له سه‌نگه‌ریی به‌رگریكردندا بووه له سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی عێراق و گه‌لی كوردستان. وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام سه‌ركرده و فه‌رمانده‌كانیان ده‌یڵێن.
هه‌روه‌ها پێشمه‌رگه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له ده‌ستووری عێراقدا وه‌ك هێزی پاراستنی هه‌رێم به فه‌رمی ناسێنراوه، كه‌چی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقه‌وه هیچ كاتێك مامه‌ڵه‌یه‌كی باشییان له‌گه‌ڵدا نه‌كراوه.
به‌گوێره‌ی چه‌ندین راگه‌یه‌ندراوی فه‌رمانده‌یی گشتيی ھێزی پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نه مووچه و ئیمتیازاتیان له به‌غداوه بۆ هاتووه و نه له رووی چه‌ك و پێداویستی سه‌ربازی و مه‌شق و راهێنانه‌وه به‌غدا خۆی لێكردوونه‌ته خاوه‌ن.
ته‌نانه‌ت ده‌ڵێن، له‌و كاته‌ی سوپا و پۆلیسی عێراق ساڵی 2014 رووبه‌رێكی فراوانی خاكی عێراق و چه‌ندین پارێزگای گه‌وره‌ی وڵاته‌كه‌یان بۆ چه‌كدارانی داعش به سه‌رجه‌م چه‌ك و جبه‌خانه‌كانیانه‌وه جێهێشت، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له زۆر ناوچه شوێنیان گرتنه‌وه و به‌ریان به ھێرشی چه‌كدارانی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه‌ى داعش گرت و به‌شێكی زۆری ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانیان كۆنترۆڵ كرده‌وه.
پێشمه‌رگه یه‌كه‌م هێز بوو، كه هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌ی داعشیان له مووسڵ تێك‌شكاند و ده‌رگایان بۆ هێزه‌كانی عێراق كرده‌وه تا ھێرش بكه‌نه سه‌ر ناوچه‌كانی دیكه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا.
له ماوه‌ی شه‌ڕی به‌ره‌یی داعشیشدا، كه هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی رۆڵی كارای تێدا هه‌بوو، به‌گووته‌ی به‌رپرسانی پێشمه‌رگه، به‌غدا زۆر جار رێگر بووه له‌وه‌ی چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی جه‌نگیی پێویست بگه‌یه‌ندرێته ده‌ست هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كاتێك هێزه‌كانی عێراق له ناوچه‌كانی مووسڵ و رۆژئاوای پارێزگای نه‌ینه‌واوه سوڕانه‌وه بۆ ده‌وروبه‌ری حه‌ویجه و باشوور و باشووری رۆژئاوای كه‌ركووك و پاش رێككه‌وتنێكی ژێربه‌ژێری سیاسی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، به‌ره‌به‌یانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 په‌لاماری پێشمه‌رگه‌یاندا و له پرۆسه‌ی ھێنانه ناوه‌وه‌ی هێزه‌كانی عێراقدا بۆ پارێزگاكه چه‌ندین پێشمه‌رگه به‌ده‌ستی سه‌رباز و چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی شه‌هید كران.
جگه له‌وه‌ش له پردێ و ناوچه‌كانی زوومار و مه‌حموودییه و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ش هه‌وڵی داگیركردنی چه‌ند پێگه‌یه‌كی گرنگی سه‌ربازی و ئابووریی كوردستانیادا، به‌ڵام له‌سه‌ر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان تێك‌شكێنران.
دوایین هه‌وڵی به‌غدا دژی پێشمه‌رگه بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بوو كه ده‌یانویست هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له ده‌نگه‌كانیشیان مه‌حرووم بكه‌ن و بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیاندان، به‌ڵام ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 21/6/2018 دادگای فیدراڵی عێراق له به‌رژه‌وه‌ندی پێشمه‌رگه بڕیاریدا.
بڕياره‌كه‌ى دادگا به‌هۆی سكاڵایه‌كی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه بوو، كه بووه هۆى ئه‌وه‌ى ده‌نگی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له فه‌وتان رزگاربێت.
دادگاى فیدراڵی عێراق له‌باره‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت و ده‌نگی پێشمه‌رگه و هاووڵاتیانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات رایگه‌ياند: "تانه‌دان له ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان ناده‌ستوورى نييه، به‌ڵام هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ده‌نگدانى تايبه‌ت و پێشمه‌رگه و هاووڵاتيانى ده‌ره‌وه‌ى وڵات و ئاواره‌كانى ناوخۆ ناده‌ستوورييه".
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقیش به كوردستان 24 رایگه‌یاند: "پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تی كۆمار تانه‌یان له بڕیاره‌كانی په‌رله‌مان داوه، به‌ڵام ته‌نها سكاڵا و تانه‌ی پارتی له بڕیاره‌كان له به‌رژه‌وه‌ندیی پێشمه‌رگه ته‌واو بووه. به‌هۆی سكاڵاكه‌ی پارتییه‌وه دادگای فیدراڵی عێراق دژی بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان وه‌ستاوه‌ته‌وه و به ناده‌ستووری ناوی بردووه".
پاش راگه‌یاندنی بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی، به‌رپرسى ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى پارتى ديموكراتى كوردستان رايگه‌ياند: "بڕياره‌كانى دادگاى فيدراڵى به دڵى پارتى ديموكراتى كوردستانن".
له لێدوانێكى تايبه‌تدا بۆ كوردستان24، خه‌سرۆ گۆران گوتى: "ئه‌و بڕيارانه‌ى ئه‌مڕۆ له دادگاى فيدراڵى ده‌رچوون، به دڵى پارتى ديموكراتى كوردستانه و پارتى هه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌ويست كه بڕيارى له باره‌وه دراوه".
گوتيشى: "پارتى پێى وابوو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ده‌نگى پێشمه‌رگه و ئاواره‌كان ناده‌ستوورييه بۆيه سكاڵاى تۆمار كرد".
هه‌روه‌ها گوتى: "رووى ئه‌و لايه‌نانه ره‌ش بێت كه داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ده‌نگى پێشمه‌رگه‌يان كردبوو، چونكه پێشمه‌رگه پارێزه‌رى ئه‌وانيش بوو".
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى گوت: "پارتى هيچ كاتێك لارى نه‌بووه له ژماردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان به ده‌ست".
به بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی عێراق، كۆتایی به هه‌وڵێكی دژی هێزی پێشمه‌رگه هێنرا، چونكه چه‌ند لایه‌نێك له هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوون وه‌ك سه‌رجه‌م ماف و ئیمتیازاته ده‌ستوورییه‌كانی دیكه‌یان كه تا ئێستا له به‌غداوه پێیان نه‌دراوه، له ده‌نگه‌كانیشیان بێبه‌شیان بكه‌ن.