ئه‌و عێراقه‌ی فرمێسكی بۆ ده‌ڕێژن!
ئه‌وانه‌ی چاودێری لێدوانی به‌رپرسانی عێراقی، به‌تایبه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران و میدیا فه‌رمیی عێراق ده‌كه‌ن تووشی سەرسوڕمان دەبن لەو پاشه‌كشه گه‌وره‌یه‌ی لە مافه رووكه‌شییه‌كانی كورد له ده‌ستوور دەبینرێت.
دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی "ناوچه جێناكۆكه‌كان" له‌لایه‌ن هێزه عێراقییه‌كان و ئه‌و میلیشیایانه‌ی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن، به‌رپرسانی عێراقییەکان له جیاتی "هه‌رێمی كوردستان"، ده‌سته‌واژه‌ی "باكووری عێراقی خۆشەویست – شمال العراقب الحبیب!" به‌كارده‌هێنن، ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی پێشتر له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسی سه‌ددامی به‌كار دەهات، بۆ نكۆڵی‌كردن له ماف و ناسنامه نه‌ته‌وه‌یی و جوگرافییه‌كانی ناوچه‌ی باكووری عێراق!
روودانی ئەو گۆڕانكارییە له لێدوانه‌كانی به‌رپرسانی عێراقی به‌و ئاراسته‌یه‌دا، ئاماژه‌یه‌كی روونه كه ئه‌وان به هیچ شێوه‌یه‌ك باوه‌ڕیان به مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد نییه، ئه‌وه‌ی له له‌لایه‌ن میدیاكانی عێراقیشەوە رۆژانه په‌خش و بڵاوده‌كرێته‌وه،بە ئاشکرا ئەوە نیشان دەدات ئەو ئەو چه‌ند مافە ساده و سه‌ره‌تاییەی كوردیش کە له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو دانی پێدا نراوە له سۆنگه‌ی بڕوابوونه‌وه نه‌بووه به‌و مافانه، به‌ڵكو ته‌نیالە ناچاری بووە، ئه‌گه‌رنا له دڵه‌وه بڕوایان به‌و مافانه نه‌بووه. بۆیە ئەو گۆڕانكارییە خێرا‌و لەناوکاوە له هەڵوێست و زمانی بەرپرسانی عێراقی، هیچ لێكدانه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵناگرێت، جگه له‌وەی کە هه‌ست به "سه‌ركه‌وتنێکی بانگەشەبۆکراو" ده‌كه‌ن.
رووداوه‌كانی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوو له كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه جێناكۆكه‌كان له‌لایه‌ن هێزه عیراقییه‌كانه‌وه و كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له هه‌ندێك ناوچه، حكوومه‌ت و میلیشیا ئێرانییه‌كانی دووچاری غروورییه‌كی بێ وێنەكردووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێی هێزه عێراقییه‌كان ته‌واوی ناوچه‌كانییان به توانای خۆیان كۆنتڕۆڵكردووبێتەوە و پشتیان به هیچ هێزێكی ده‌ره‌كی، به‌تایبه‌تیش ئێران نه‌به‌ستبێت، كه میدیا عێراقییه‌كانیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه باسی ده‌كه‌ن.
قاره‌مانێتی وبوێری پێشمه‌رگه ئاشکرایەو راپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی رێكخراوه ئه‌مه‌ریكی و ئه‌وروپاییه بێلایه‌نه‌كان ئاماژەی پێدەکەن. هەروەها ئاشکراشە كێ مووسڵ و ئه‌نباری راده‌ستی رێكخراوی تیرۆریستی داعش كرد. به‌راشکاوی بڵێم ئه‌وه‌ی لە کەرکووک روویدا، ئه‌نجامی رێككه‌وتنێكی نێوان بەشێکی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی له یه‌كێتی نیشتمانی و قاسم سوله‌یمانی و حكوومه‌تی عێراق بوو، كه بووه هۆی ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه به‌ره‌نگارییه‌كی ئه‌وتۆ نه‌كات شایانی ئاماژه بۆ كردن بێت، دەنا هێزه عیراقییه‌كان له‌و ئاسته‌دا نین به ئاسانی بتوانن ئه‌و ناوچانه كۆنتڕۆڵبكه‌نه‌وه.
بۆ هه‌موو كه‌سیش ده‌ركه‌وتووه چۆن سوپای عێراق و ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ده‌ستییان بوو، له به‌رامبه‌ر هێرشی چه‌ند سه‌د چه‌كدارێكی داعش له مووسڵ بوو به هه‌ڵم و دیار نه‌ما، كه دواتر به پاڵپشتی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و هێزی پێشمه‌رگه، كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ش ماوه‌ی ساڵێكی ته‌واوی خایاند.
ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، جگه له بیانووێك بۆ په‌لاماردانی كوردستان، هیچ شتێكی دیكه نییه، ئه‌و كاته‌ی نوری مالیكی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، لووله‌ی تانك و تۆپهاوێژه‌كانی ئاراسته‌ی ناوچه جێناكۆكه‌كان كرد، هیچ به‌رپرسێك لە عێراق باسی ریفراندۆمی نه‌ده‌كرد، دواتر مالیكی بڕیاری بڕینی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانیدا له ساڵی 2013، باسی ریفراندۆم له گۆڕێ‌دا نه‌بوو.
سه‌پاندنی ئه‌مری واقیع له لایه‌ن به‌غدا به به‌كارهێنانی میلیشیا ئێرانییه‌كان، پێشێلكارییه‌كی گه‌وره‌ی ئەو ده‌ستووره یە كه شانازی پێوه‌ده‌كه‌ن، جگه له‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستووره‌ی كه فرمێسكی بۆ ده‌ڕێژن، به‌كارهێنانی سوپای له ململانێ ناوخۆكاندا قه‌ده‌غه كردووه، هه‌ر له ده‌ستووره‌كه‌دا، ئه‌و ناوچانه‌ی كه هێزه عێراقییه‌كان و ملیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی هێرشیان كرده سه‌ر، به ناوچه جێناكۆكه‌كان وه‌سفكراوه، تا یەکلاکردنەوەی كێشه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ش به گوێره‌ی ده‌ستوور، وه‌كو کێشەلەسەر ده‌مێننه‌وه، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكاش ئەوەی دووپات کردووەتەوە.
هه‌ڵسوكه‌وتی هێزه عێراقییه‌كان له‌و ماوەیەی ئەو ناوچانه‌یان دەستبەسەرداگرتووە، به‌تایبه‌تیش له خورماتوو و كه‌ركووك، له كوشتن و سووتاندن و وێرانكردنی خانوو و پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ و راوه‌دوونانی رۆژنامه‌وانان، ئاماژه‌ی روونن به‌غدا وه‌ك هاووڵاتی عێراقی له دانیشتووانه‌كانی ئه‌و ناوچانه ناڕوانێت، ئه‌وه‌ی باسی دەکەین، راپۆرتی رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی و رێكخراوه مرۆییه‌كانی دیكه پشتڕاستییان كردووه‌ته‌وه، لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌تی عێراقیش، وه‌كو وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران، دانیان پێداناوه.
به‌غدا تەنیا به كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه جێناكۆكان وازی نه‌هێناوه، به‌ڵكو هه‌وڵی داخستنی كه‌ناڵی (كوردستان 24)یش ده‌دات و تۆمه‌تی بێ بنه‌مای ئاراسته كردووه، له‌كاتێكدا حكوومه‌تی عێراق هیچ به‌دواداچوونێكیشی له رووداوی كوشتنی ئه‌ركان شه‌ریف، كامێرامانی كه‌ناڵی (كوردستان تی ڤی) نه‌كردووه، كه له نزیك كه‌ركووك كوژرا، وه‌ك بڵێی ئه‌و رۆژنامه‌وانه عێراقی نه‌بووبێت!
ئه‌و كه‌ناڵه كوردییانه‌ی كه كاره قێزه‌ونه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی نیشان دەدەن، حكوومه‌تی عێراق بە "هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی" یان دەزانێت . باشە ئه‌ی چی له باره‌ی ئه‌وانه‌وە دەڵێن کە خەریکی وێرانكردن و سووتاندن و دزین و تاڵانكردن و رفاندنی خه‌ڵكن له‌و ناوچه جێناكۆكانه، ئه‌ی كوژرانی نزیكه‌ی 600 كه‌س، كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و رێكخراوه مرۆییه‌كان ئاماره‌كانیان پشتڕاست كردووه‌ته‌وه؟ چ رێكارێك ده‌گرنه‌به‌ر به‌رامبه‌ر به میدیا عێراقییه‌كان، كه به‌رده‌وام خه‌ڵكیان بۆ كوشتنی كورد هانداوه؟
له هه‌موو ئه‌وانه‌ش سەیرتر، به‌غدا هه‌رێمی كوردستان به گه‌نده‌ڵی تۆمه‌تبار ده‌كات، له‌كاتێكدا تا ئێستاش به گوێره‌ی راپۆرتی رێكخراوی شه‌فافیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، ساڵانه عێراق ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی لیستی گه‌نده‌ڵترین وڵاتانی گرتووه له‌سه‌ر ئاستی جیهان، له‌و عێراقه‌ی كه حكوومه‌تی بەغدا وەک سویسرا، نیشانمان دەدات ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر به‌رپرس هه‌ن كه گه‌نده‌ڵییان له‌سه‌ر ساخبووه‌ته‌وه و کە لێره‌دا جێگه نابێته‌وه ئاماژه به ناوه‌كانییان بكرێت.
بەڕاستی مرۆڤ دووچاری سه‌رسوڕمان ده‌بێت له ناسینی رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌و عێراقه‌ی كه باسی ده‌كه‌ن و پێیدا هەڵدەڵێن و بۆ سه‌روه‌ت و سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌یی خاكه‌كه‌ی ده‌گرین، له‌كاتێكدا مێژووەکەی پڕه له پێشێلكاری به‌رچاوی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادییه ئایینییه‌كان.
ئه‌وانه‌ی عێراقیان خستووه‌ته سه‌ره‌وه‌ی لیستی گه‌نده‌ڵی و به‌غدایان كردووه‌ته خراپترین پایته‌خت له جیهان، باسی كام عێراقمان بۆ دەکەن، له‌كاتێكدا ئاواره‌بوون و بێكاری و تایه‌فه‌گه‌ری سه‌رتاپای وڵاتی ته‌نیوه. بۆیە تا به‌رپرسانی عێراق رێز له‌و ده‌ستووره نه‌گرن كه نزیكه‌ی 80%ی خەڵک ده‌نگی بۆ داوه، عێراقییه‌كان هه‌ر له‌و دۆزه‌خه‌ی ئێستادا ده‌مێننه‌وه.
* ئەم وتارە لە رۆژنامەی ( الحياة)ی لەندەنییەوە کراوەتە کوردی، كه رۆژى 8ى تشرينى دووه‌م/ نۆڤێمبه‌رى 2017 بڵاوكراوه‌ته‌وه.