ریفراندۆم سەرکەوت

Kurd24

 وازهێنانی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رازینەبوونی بەدرێژنەکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی . هیچ پەیوەندی بە ریفراندۆم و رووداوەکانی ئەم دواییە نییە . ئەگەرچی هێندێک کەسیش دەیانەوێ بازرگانی بەو وازهێنانەوە بکەن و بیبەستنەوە بە"شکستی" ریفراندۆم . بەڵام بارزانی زۆر پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمیش لە چەندین چاوپێکەوتندا باسی لە وازهێنانی خۆی لە پۆستەکە کردبوو. 

بۆ مێژوو دەبێ بیڵێین، بارزانی هەرگیز عەوداڵی پۆست وەرگرتن نەبووە . تەنانەت لە رێککەوتنی ساڵی 1970ی نێوان بەغدا و کوردستان ،  حکومەتی ئەوکاتی عێراق زۆر هەوڵی لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانیی نەمردا کە کاک مەسعود یان کاک ئیدریس بۆ پۆستێکی وەزاری دەستنیشان بکات بەڵام بارزانی بە توندی داوای حکومەتی عێراقی رەتکردەوە . لە دوای راپەڕینیش مام جەلال دەستپێشخەربوو لەوەی بنەماڵەکەی راستەوخۆ لە پۆستەکاندا بێت . بۆنموونە لە یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 1992 مام جەلال، هێرۆی هاوسەری کردە پەرلەمانتار . تەنانەت ئەوکات بەرپرسانی یەکێتی زۆر تانەو تەشەریان لە بارزانییەکان دەدا کە نایانەوێ خۆیان راستەوخۆ لە حکومەت و پەرلەمان بەشداربن و بەردەوام پێشنیازیان دەکرد کاک مەسعود و مام جەلال هەریەکەیان سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت وەربگرن. 

لە دوای رووخانی رژێمی سەددام حوسێنیش لە 2003 ، هێزە عێراقییەکان و تەنانەت ئەمەریکاش پێیانخۆش بوو مەسعود بارزانی پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت بەڵام ئەو مام جەلال-ی پێشنیاز کرد چونکە کوردستانی لە عێراق پێ گرنگتربوو . هەڵوێستی بارزانیش لە بەرامبەر سەربەخۆیی کوردستان هەمیشە ولە کۆنەوە ئەرێنی بووە و، بەردەوام لە چاوپێکەوتنە رۆژنامەوانییەکانیدا لە هەشتاکان و نەوەدەکان  نەیشاردووەتەوە کە  سەربەخۆیی مافێکی رەوای گەلی کوردە و رۆژێک هەر دێت بەو مافەی بگات بە پێچەوانەی زۆربەی بەرپرسانی دیکەی کورد کە گاڵتەیان بە سەربەخۆیی کردووە! 

 مەسعود بارزانی ئەگەر لە ماوەی حەفتا ساڵی تەمەنیدا هیچ شتێکی نەکردبێت ئەوەندەی بەسە کە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، لانیکەم لە نیو سەدەی رابردوودا، دەنگی زولاڵی سەربەخۆیی کوردستانی گەیاندە هەموو جیهان . بۆیە بەپێچەوانەی بۆچوونی بەرەی دژە سەربەخۆیی لە ناو کوردستان. ریفراندۆم بە یەکێک لە گرنگترین دەسکەوت ودۆکیۆمێنتە مێژووییەکانی خەڵکی کوردستان دادەنرێت کە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا و بە شێوەیەکی فەرمی زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان بە هەموو دنیایان گوت ئێمە نامانەوێت لەگەڵ عێراقدا بژین (ئەگەر بەناچاری نەبێت)  کە زۆرترین دەنگدانەوەی لە میدیای جیهانی و ناوەندە بڕیاردەرە باڵاکانی دنیادا هەبوو. 

ئەوانەی دەیانەوێ خیانەتی رادەستکردنەوەی کەرکووک و خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە بە بەغدا، بخەنە ملی ئەنجامدانی ریفراندۆم، بە ئاشکرا دەیانەوێ پاساو بۆ سیاسەتی شۆڤێنیستانەی حکومەتی تایفەگەری عێراق و میلیشياکانی ئێران بهێننەوە . دەنا هەموو کەس دەزانێ بەغدا چەند ساڵێک پێش ریفراندۆم بودجەکەی خەڵکی کوردستانی بڕی و درێژەی بە سیاسەتی بەعەرەبکردن وتەنانەت لەشکرکێشیش دەدا لە ناوچە کوردستانییەکان .  

ئەو شکستەی رووشیدا بەهۆی خیانەت ودەست تێکەڵکردن بوو لەگەڵ ئێران ومیلیشکانی لە عێراق دەنا سوپای فشۆڵی عێراق ئەو هێزەی نییە بگەڕێتەوە ئەو شوێنانە . بۆشیان کرابووایە دەمێک بوو ئەو کارەیان دەکرد. چونکە هەر لە سەرەتاوە دیاربوو عێراق بەناچاری دانی بە هێندێک لە مافەکانی خەڵکی کوردستان ناوە . بۆیە هەر دوای دەستبەسەرداگرتنەوەی ئەو ناوچانە، زمانی بەرپرسان و میدیای عێراقی بە تەواوی گۆڕا و تەنانەت گەڕانەوە بۆ بەیت وبالۆرەکانی شیمالی حەبیبی سەردەمی سەددام حوسێن . بۆیە ئەوە بەرەی ریفراندۆم وسەربەخۆیی نەبوو شکستی خوارد بەڵکو ئەوانە شکستیانخوارد کە بێشەرمانە دژی خواستی نەتەوەی خۆیان وەستانەوە( یان بەناچاری و بەشەرمەوە دەنگیاندا) دەنا دژی سەربەخۆیی کوردستان بوون و دڵیان لەگەڵ حکومەتی فاشیستی عێراق بوو. فەرموون ئەوە ئەو عێراقەی کە ئێوە دەتانەویست سەری بۆ دانەوێنین ئێستا تەنانەت ئامادە نییە پاداشتی ئەوانەش بداتەوە کە لەسەر سینییەکی زێڕین کەرکووک وناوچە کوردستانییەکانیان رادەستکرد و تەنانەت رێگەیان پێ نادات لەبەرچاوی ئەوان بە کوردی قسە بۆ میدیاکان بکەن!