ریال مەدرید تووشی قەیران بووە

زیدان بۆ یاریی ریال سۆسیداد بەبێ ئەستێرەکانی دەبێت بباتەوە

K24- هەولێر

ریال مەدریدی پاڵەوانی وەرزی رابردوو بە دەستپێکێکی خراپ دەستی بە وەرزی نوێی لالیگا کردووە و دوو یارییە لەسەر یەک ناتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، هەفتەی داهاتووش ئەرکی سەختتر دەبێت و یانەکە بە دۆخێکی خراپ تێپەڕ دەبێت.

ریال مەدرید دوای سەرکەوتنەکەی لە گەڕی یەکەمی لالیگا دوو یاری لەسەر یەک لە یاریگەی خۆی لەگەڵ ڤاڵێنسیا و لیڤانتی بەرامبەربوو و یانەکە تاکو ئێستا لە کۆی 9 خاڵ 4 خاڵی دەستداوە. کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهۆی سزادرانەوە بۆ چوار یاریی سڕکراوە و دوای بێبەشبوونی لە سێ یاریی لالیگا، هێشتا یارییەکی دیکەش ماوە بۆ ئەوەی سزایەکەی تەواو بێت.

یەکشەممەی داهاتوو کریستیانۆ بەرامبەر ریال سۆسیدادیش ناتوانێت یاریی بکات و زیدان ناچارە ئەو یارییەش بەبێ دۆن ئەنجام بدات. دوێنێ شەممەش مارسیلۆنا بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و لەوانەیە دوو تاکو چوار یاری سزا بدرێت و ئەو بەرگریکارە بڕازیلییە ناتوانێت بەرامبەر سۆسیداد یاریی بکات، بێنزێماش بەهۆی پێکانەوە یارییەکەی بەرامبەر لیڤانتی تەواو نەکرد و پێشبینی دەکرێت بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک لە یاریکردن داببڕێت و ئامادە نەبوونی لە یارییەکەی سۆسیداد مسۆگەرە.

ریال مەدرید لە ئێستاوە 4 خاڵ لە بارسێلۆنای پێشەنگی لالیگاوە دوورە و زیدان نایەوێت لە دەستپێکی خولەکەوە لە بارسێلۆنای رکابەری دوور بکەوێتەوە، بۆیە یەکشەممەی داهاتوو بۆ سەرکەوتن دەچێتە یاریگەی ئەنوێتا، لە کاتێکدا ناتوانێت سوود لە تواناکانی کریستیانۆ، مارسیلۆ و بێنزێما وەربگرێت.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، زیزۆ بۆ یارییەکەی سۆسیداد لە شوێنی مارسیلۆ پشت بە تیۆ هێرناندێز دەبەستێت، بۆ پڕکردنەوەی شوێنی کریستیانۆ پشت بە گاریس بەیل دەبەستێت، لە شوێنی بێنزێما تەنیا بۆرخا مایۆرالی لەبەردەستە بۆ ئەوەی بیکاتە هێرشبەری سەرە رمی یانەکەی، لە کاتێکدا زیزۆ بۆ یاری ئەم هەفتەیە مایۆرالی بانگهێشتی یارییەکە نەکردبوو.