'ناوبژیوانانی لالیگا لێدانی سزا بۆ ریال مەدرید هەژمار ناکەن و بە کارتی سوور یاریزانانی یانەکە دەردەکەن'

رۆژنامەکانی مەدرید و هاندەرانی ریال مەدرید گلەییان لە بڕیارەکانی ناوبژیوانانی لالیگا هەیە

K24- هەولێر

میدیاکانی مەدرید و هاندەرانی ریال مەدرید جارێکی دیکە گلەییان لە بڕیارەکانی ناوبژیوانانی لالیگا هەیە و پێیانوایە لە ئاست پێناڵتییەکان چاوبەستراون.
لەوەتەی گەڕی بیست و شەشەمینی وەرزی رابردووەوە لە لالیگا هیچ لێدانێکی سزا بۆ ریال مەدرید هەژمار نەکراوە، واتە 24 یارییە یاریزانانی مێرێنگی لێدانی سزایان جێبەجێ نەکردووە، کەچی لەو ماوەیەدا پێنج لێدانی سزا بۆ بارسێلۆنا گیراوە و هاندەرانی ریال مەدریدیش پێیانوایە زوڵمیان لێدەکرێت.
بابەتی هەژمارنەکرانی لێدانی سزا بۆ ریال مەدرید دوای دێربی مەدرید لەلایەن رۆژنامەکانی مارکا و ئاس وروژێنرایەوە، دوای ئەوەی رۆژنامەکان پێیانوابوو فێرناندێز بۆربەلانی ناوبژیوانی یارییەکە لێدانێکی سزای بۆ سێرخیۆ رامۆس هەژمار نەکردووە، کە لۆکاس هێرناندێز بە تووندی لە کاپتنەکەی لۆس بلانکۆسی دا و لووتی شکاند.
لە دوایین 100 یارییان لەلایگا، بارسێلۆنا 33 لێدانی سزای بۆ هەژمارکراوە، کەچی ریال مەدرید تەنیا 14 لێدانی سزای بۆ گیراوە و یانە مەدریدییەکە 19 پێناڵتی لە یانە کەتەلۆنییەکە کەمتر بۆ هەژمارکراوە.
گلەیی رۆژنامەکانی مەدرید لەو پێناڵتیانەشە کە لەسەر هەردوو یانە هەژمارکراون، کە بەگوێرەی ئامارێک کە لە دوایین ژمارەیان بلاویانکردووەتەوە، بارسێلۆنا لە دوایین 100 یاری لە لالیگا تەنیا دوو لێدانی سزا لەسەر بارسێلۆنا هەژمارکراوە، کەچی 10 لێدانی سزا لەسەر ریال مەدرید گیراوە.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی پێیوایە ئەم وەرزە ریال مەدرید بەهۆی هەژمارنەکرانی لێدانی سزا بۆ ریال مەدرید، یانەکەی پایتەخت نۆ خاڵی لەدەست داوە و هۆکار بووە بۆ ئەوەی ریال مەدرید 10 خاڵ لە بارسێلۆنا دووربکەوێتەوە.
رۆژنامەکانی مەدرید پێیانوایە ناوبژیوانەکانی لالیگا لە بەرزکردنەوەی کارتە سوورەکانیش دادپەروەر نین و ئاماراێکیان بڵاوکردووەتەوە، کە بارسا لە دوایین 100 یاریی لە لالیگا تەنیا سێ یاریزانی بە کارتی سوور کراوەتە دەرەوە، کەچی 21 یاریزانی ئەو تیپانە بە کارتی سوور دەرکراون، کە بەرامبەر بلاوگرانا یارییان کردووە، لە کاتێکدا لەو ماوەیەدا نۆ یاریزانی ریال مەدرید کارتی سووریان بەڕوودا بەرزکراوەتەوە و تەنیا نۆ یاریزانی ئەو تیپانەش دەرکراون کە بەرامبەر مێرێنگی یارییان کردووە.
دەستەی کارگێڕی ریال مەدرید داوایان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا کردووە بۆ دڵنیایی زیاتر و ئاشکرابوونی ئاستی ناوبژیوانەکان، دوای یارییەکان ئەنجامی ئەو هەڵسەنگاندنانە ئاشکرا بکرێن، کەدوای یارییەکان بۆ ناوبژیوانی یارییەکان دەکرێن.

هاندەرانی ریال مەدرید گلەییان لە بڕیارەکانی ناوبژیوانان هەیە
هاندەرانی ریال مەدرید گلەییان لە بڕیارەکانی ناوبژیوانان هەیە