هەردی سیامەند گەڕاتەوە یانەی هەولێر؟

بەهۆی کێشەکانی لەگەڵ راهێنەر ریزەکانی یانەی نەفت بەجێهێشت

هەردی سیامەندی بەرگریکاری یانەی نەفت بەهۆی دروستبوونی کێشەی لەگەڵ راهێنەری یانەکەی، ریزەکانی یانەی نەفتی بەجێهێشتووە و پەیوەندیی بە هیچ یانەیەکەوە نەکردووە.

سەرەتای ئەم وەرزە هەردی سیامەند بە گرێبەستێک بۆ ماوەی وەرزێک پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی نەفت کرد، بەڵام بەهۆی دروستبوونی کێشە لەگەڵ حەسەن ئەحمەدی راهێنەری یانەکە، ئەو بەرگریکارە هەولێرییە ریزەکانی یانە بەغدادییەکەی بەجێهێشت و ئێستا گەڕاوەتەوە شاری هەولێر، بەڵام هەردی رەتیدەکاتەوە پەیوەندیی بە یانەی هەولێر کردبێتەوە، کە ساڵانێک لە ریزی ئەو یانەیە یاریی کردووە.

هەردی سیامەند لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی یانەی هەولێر دەکەن، رایگەیاند ئەم دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە و پەیوەندیم بە هیچ یانەیەک نەکردووە و گەڕاومەتەوە شاری هەولێر، بەڵام یانەکانی شورتە و مینا ئۆفەریان پێشکەشی ئەو بەرگریکارە کردووە و تاکو ئێستا ئەو بەرگریکارە هیچ بڕیارێکی نەداوە و دووپاتیشی کردەوە تاکو ئێستا هیچ قسەیەکی فەرمی لە نێوان من و بەرپرسانی یانەی هەولێر نەکراوە.