ئایا ڤێراتی گوتویەتی مێسی ناگاتە ئاستی ئیسکۆ؟

ئیسکۆ بە ئاستە بەرزەکەی بەرامبەر ئیتاڵیا هەمووانی سەرسام کرد

K24- هەولێر

ئیسکۆ لە پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی رووسیا شەوی رابردوو لە یاریی نێوان ئیسپانیا و ئیتاڵیا دوو گۆڵی تۆمارکرد و سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆی راکێشا.

ئیسکۆ لە یارییەکە دوو گۆڵی تۆمارکرد، کە لە ماوەی 87 ساڵی رابردوودا یەکەمجاربوو یاریزانێکی ئیسپانی بتوانێت دووانە لە بەرامبەر ئیتاڵیا تۆمار بکات، کە ئیسپانیا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و ئاڵڤارۆ مۆراتا تاکە گۆڵەکەی دیکەی تۆمارکرد.

دوای یارییەکە لێدوانێکی مارکۆ ڤێراتی بڵاوکرایەوە، گوایە لەبارەی ئیسکۆوە گوتویەتی 'ئەمشەو ئیسکۆ زۆر ئەزیەتی دام، بە ئاستە بەرزەکەی شۆکی کرد، تەنانەت مێسیش ناگاتە ئاستی ئیسکۆ'.

بەپێی ئەو بەدواداچوونەی کوردستان24 بۆ ئەو لێدوانەی کردووە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رای جیاوازیی لەسەرە و بەشێک لە هاندەران رەتیدەکەنەوە ڤێراتی ئەم قسەی کردبێت، دەرکەوت دوو ماڵپەڕی جیهانی ئەم لێدوانەیان بڵاوکردووەتەوە.

کەناڵی ESPN و ماڵپەڕی بەناوبانگی کاڵچیۆمێرکاتۆی ئیتاڵی ئاشکرایانکردووە، ڤێراتی دوای تەواوبوونی یارییەکە لە شوێنی تایبەتی لێدوانی یاریزاناندا ناوەڕاستکارەکەی پاریس سانجێرمان گوتویەتی 'ئیسکۆ بە ئاستە بەرزەکەی زۆر ئەزیەتی دام، تەنانەت مێسیش ناگاتە ئاستی ئیسکۆ، کاتێک تۆپی بە نێوان قاچەکانی مندا برد، وەستام و لە دڵەوە چەپڵەم بۆ لێدا'.

 

لێدوانەکەی ڤێراتی لە کەناڵی ESPNی جیهانی
لێدوانەکەی ڤێراتی لە کەناڵی ESPNی جیهانی
لێدوانەکەی ڤێراتی لە ماڵپەڕی کاڵچیۆمێرکاتۆی بەناوبانگی ئیتاڵی
لێدوانەکەی ڤێراتی لە ماڵپەڕی کاڵچیۆمێرکاتۆی بەناوبانگی ئیتاڵی

ئیسکۆ دوای یارییەکە رایگەیاند، ئەو یارییە باشترین یاریی خۆی لە ژیانی وەرزی خۆی ئەنجامی دابێت، گوتیشی 'هەرگیز ئەم دوو گۆڵە لەیاد ناکەم کە ئەمشەو بەرامبەر ئیتاڵیا تۆمارمکرد'.

دوای یارییەکە رۆژنامەکانی ئیسپانیا ستایشی ئاستی ئیسکۆیان کرد و رۆژنامەی مارکا بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی ئیسکۆ لە نێوان یاریزانانی ئیتاڵیا نووسیویەتی 'ئیسکۆ، ئینیێستایەکی دیکەیە'.

ئیسکۆ و ئینیێستا
ئیسکۆ و ئینیێستا
ئیسکۆ لە نێوان یاریزانانی ئیتاڵیا
ئیسکۆ لە نێوان یاریزانانی ئیتاڵیا