کاردانەوەکانی لێدوانەکەی کریستیانۆ لەبارەی باشترین یاریزانی مێژوو

"ئەوەی رۆناڵدۆ ئەنجامی داوە، مێسی بە زیادەوە کردوویەتی"

دوای ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دیمانەیەکەی لەگەڵ گۆڤاری فڕانس فووتبۆڵ خۆی بە باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ ناوزەد کرد، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیداهێنا و جۆی بارتۆن دەڵێت کریستیانۆ نەک هەر باشترینی مێژوو نییە، بەڵکو لە سەردەمی خۆیشی باشترین نییە، کەچی زینەدین زیدان پێیوایە کریستیانۆ رۆناڵدۆ زۆر لەو باشترە و باشترینی مێژووی تۆپی پێشە

کریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای بەدەستهێنانی پێنجەمین خەڵاتی بالۆن دۆر و هاوتاکردنەوەی ریکۆردی لیۆنێل مێسی بۆ زۆرترین تۆپی زێڕین، لە دیمانەیەکی لەگەڵ گۆڤاری فڕانس فووتبۆڵ بەبۆنەی بردنەوەی بالۆن دۆری 2017، بە لێدوانێکی بۆمبێکی گەورەی تەقاندەوە و رایگەیاند، ئەو خۆی بە باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ دەزانێت، چونکە پێیوایە ئەوەی ئەو ئەنجامی داوە، هیچ یاریزانێکی دیکەی تۆپی پێی نەیتوانیوە ئەنجامی بدات و خۆیشی بە کاملترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ ناوزەد کرد.

دوای بڵاوبوونەوەی لێدوانەکەی کریستیانۆ، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لە کاردانەوە سەرەتاییەکان، جۆی بارتۆنی یاریزانی پێشووی وێتسهام یونایتد و کوینز پارک رینجەرز رەتیکردەوە هێرشبەرەکەی ریال مەدرید باشترینی مێژوو بێت، بەڵکو بارتۆن رایگەیاند، نەک هەر رۆناڵدۆ باشترینی مێژوو نییە، بەڵکو لە سەردەمی خۆیشی باشترین یاریزان نییە و گوتی مێسی زۆر لەو باشترە.

خۆلیۆ سالیناسی، ئەستێرەی پێشووی ئیسپانی رەتیکردەوە کریستیانۆ باشترینی مێژوو بێت و گوتی بەدەستهێنانی پێنج خەڵاتی تۆپی زێڕین مانای ئەوە ناگەیەنێت کە رۆناڵدۆ باشترینی مێژووە.

میدیاکارانی کەتەلۆنیا و نزیک لە بارسێلۆنا بە تووندی لێدوانەکەی کریسیان رەتکردەوە و پێیانوایە ئەوەی رۆناڵدۆ ئەنجامی داوە، مێسی بە زیادەوە کردوویەتی و زۆربەی ریکۆردەکان بەناوی مێسییەوە و جارجارە رۆناڵدۆ دەتوانێت چەند ریکۆردێکی لیۆ بشکێنێت یان هاوتا بکاتەوە.

بەڵام زینەدین زیدانی راهێنەری ریال مەدرید چەند کاتژمێرێک دوای لێدوانەکەی رۆناڵدۆ، بە لێدوانێکی هەمووانی شۆک کرد، کاتێک بۆیەکەمجار دانی بەوەدانا کە رۆناڵدۆ لەو باشترە و زیزۆ کریستیانۆی بە باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ ناوهێنا و گوتی، ئەگەرچی من یاریزانێکی باش بووم، بەڵام رۆناڵدۆ زۆر لە من باشترە.

پێشتر هەمیشە بەراوردی نێوان لیۆنێل مێسی و دیێگۆ ماڕادۆنا و پێلێ دەکرا بۆ دەستنیشانکردنی باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ، بەڵام رۆناڵدۆ لە بەردەم تاوەری ئیفل بە بەدەستهێنانی پێنجەمین بالۆن دۆر خۆی بردە ناو ئەم هاوکێشەیە و پێشبینی دەکرێت تاکو دوای وازهێنانیشیان گفتوگۆکان لەبارەی یەکلاکردنەوەی باشترینی مێژووی تۆپی پێ لە نێوان کریستیانۆ و مێسی و ئەفسانەکانی دیکە بەردەوام بێت.

گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆی كردۆته‌ به‌رگری دوایین چاپی گۆڤاره‌كه‌ی
گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆی كردۆته‌ به‌رگری دوایین چاپی گۆڤاره‌كه‌ی