ڤاڵڤێردی له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی له چامپیۆنزلیگ چی گوت؟
له گه‌ڕی یه‌كه‌می چامپیۆنزلیگ سبه‌ی سێشه‌ممه، له یاریگه‌ی كامپ نوو له كاتژمێر 7:55 خوله‌ك به كاتی هه‌ولێر، بارسێلۆنا میوانداری ئایندهۆڤنی هۆڵه‌ندا ده‌كات.
ئێرنستۆ ڤالڤێرد راهێنه‌ری بارسێلۆنای ئیسپانی له باره‌ی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی ئایندهۆڤن گوتی: پێموانییه ئایندهۆڤن یه‌كێك بێت له لاوازترین یانه‌كانی كۆمه‌ڵه‌كه‌مان.
ده‌شڵێت: ئایندهۆڤن تیپێكی به‌هێز و خاوه‌ن به‌رگرییه‌كی باشه، وه‌رزی رابردوومان له‌بیر كردووه و ئه‌م وه‌رزه جیاوازه و ئامانجی دیكه‌مان هه‌یه، بیر له رابردوو ناكه‌ینه‌وه و ئێمه وه‌كو هه‌ر یانه‌یه‌كی دیكه ده‌مانه‌وێت ئه‌م نازناوه ببه‌ینه‌وه.
ڤاڵڤێردی گوتیشی: ئایندهۆڤن یانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌وروپایه و پاڵه‌وانی وڵاته‌كه‌یه‌تی، بێگومان له‌م یارییه ده‌یه‌وێت زیانمان پێ بگه‌یه‌نێت.
راهێنه‌ری بارسا گوتیشی: وه‌رزی رابردوو ده‌رفه‌تی زۆرمان به عوسمان دێمبڵی دا ئێستاش به جدیتر كار ده‌كات، متمانه‌ی ته‌واومان پێی هه‌یه و هیوادارین خزمه‌تی زیاترمان پێ ببه‌خشێت، له نێوان سیمیدۆ و سێرجی رۆبێرتۆ هێشتا بڕیارم نه‌داوه كه كام یاریزان سه‌ره‌كی ده‌بێت.
ڤاڵڤێردی ده‌شڵێت: هیوادارین گۆڕانكارییه‌كان له كاتی یارییه‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌ر هانده‌ران نه‌بێت بۆ هاتنه یاریگه.