ڤاڵڤێردی قسه‌ی كۆتایی خۆی له‌سه‌ر یاری كلاسیكۆی سبه‌ی كرد
ڤاڵڤێردی راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا پێش ئه‌نجامدانی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید، گه‌شبینی خۆی به ئاستی یاریزانه‌كانی ده‌رده‌بڕێت و ده‌ڵێت: ئێمه یاریزانی گه‌وره و ئه‌ستێره‌یی جیهانیمان له‌گه‌ڵه و توانای گه‌ڕانه‌وه‌مان هه‌یه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، 15 ئابی 2017، له پڕێس كۆنفرانسێكی تایبه‌تدا، ئێرنیستۆ ڤاڵڤێردی راهێتنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا له‌به‌رده‌م میدیاكان به‌ڵێنی دا كه به ئاسانی رێگه به‌هێرشه‌كانی ریال مه‌درید نه‌دات، ده‌شڵێت: ئێمه قسه‌مان له‌سه‌ر هه‌موو هه‌ڵه‌كانی یاری رابردوومان كردووه و هیچ شتێك له تۆپی پێ مه‌حاڵ نییه.
ڤاڵڤێردی ده‌شڵێت: بارسێلۆنا خاوه‌نی ئه‌ستێره‌ی گه‌وره‌یه و توانای گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌یه، ئێمه ته‌سلیم نابین هه‌موو هه‌وڵێك بۆ بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه ده‌كه‌ین.
ڤاڵڤێردی له به‌رسیڤێكی رۆژنامه‌نووساندا، به‌رگری له جیرارد پیكێ كرد و به سه‌ركرده‌ی یانه‌كه‌ی وه‌سف كرد، له باره‌ی سێرجیۆ رۆبێرتۆش گوتی: رۆبێرتۆ یاریزانێكی نایابه، هه‌ندێكجار له پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی ده‌بێت و هه‌ندێكجاریش وه‌ك یاریزانی یه‌ده‌گ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.
له باره‌ی سیمیدۆی یاریزانی نوێی یانه‌كه، ڤاڵڤێردی گوتی: سیمیدۆ یاریزانێكی ئاستبه‌رزه، به‌ڵام پێویستی به‌كاتی زیاتره.
راهێنه‌ره نوێیه‌كه‌ی یانه‌ی بارسا له باره‌ی بازاڕی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان، پێشبینی ئه‌وه‌ی كرد له دوای گواستنه‌وه‌ی پاوڵینهۆ تا 30ـی ئه‌م مانگه گۆڕانكاری زیاتر رووبدات و باشترین تیپ بۆ وه‌رزی نوێ ئاماده بكه‌ن.
له یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ی جامی سووپه‌ری ئیسپانیا، یانه‌ی بارسێلۆنا سبه‌ی چوارشه‌ممه له كاتژمێر 12:00ـی شه‌و له یاریگه‌ی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ده‌بێته میوانی یانه‌ی ریال مه‌درید، بارسا بۆ بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه پێویستی به جیاوازی 3 گۆڵه.