پلانێکی سەیروسەمەرەی کۆریای باشوور بۆ رووبەڕووبوونەوەی سوێد

کۆریای باشوور فێڵێکی سوێدی ئاشکراکرد

پێش یارییەکەی سبەی، کۆریای باشوور و سوێد نهێنییەکی گەورە لە نێوانیان ئاشکرابوو، سوێد هەوڵی داوە سیخوڕی بەسەر راهێنانەکانی کۆریای باشوور بکات، بەڵام راهێنەری کۆریای باشوور پلانێکی سەیری بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەمە بەکارهێناوە.

لە کاتی مانەوەیان لە سالزبۆرگ پێش ئەوەی لە نەمساوە بەرەو رووسیا گەشت بکەن، راهێنەری سوێد کەسێکی تایبەتی ناربوو بۆ ئەوەی لە نزیکەوە سیخوڕی بەسەر راهێنانەکانی کۆریای باشوورەوە بکات و نهێنییەکان و شێوازی یاریکردن و پلانی ئەو هەڵبژاردەیەی بۆ وەربگرێت، یاکۆبسۆنی راهێنەر لە نزیک شوێنی مانەوەی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور ماڵێکی بەکرێ گرتبوو، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری ئامادەکارییەکانی کۆریای باشوور بکات بۆ مۆندیال.

یان ئاندێرسۆنی راهێنەری سوێد پێش یارییەکەیان بەرامبەر کۆریای باشوور داوای لێبوردنی لە تیپی رکابەرەکەی کرد و دووپاتیکردەوە ئەو وایزانیوە راهێنانەکانی کۆریای باشوور کراوەن و هەموو کەسێک دەتوانێت سەیریان بکات، بۆیە راهێنەرێکی تایبەتی ناردووە تاکو چاودێرییان بکات.

شین تای یۆنگی راهێنەری کۆریای باشوور بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نهێنییەکانی تیپەکەی بکات، ژمارەی درێسی سەرجەم یاریزانەکانی گۆڕیبوو، تەنانەت لە یارییەکانی بۆلیڤیا و سەنیگالیش جگە لە سۆن هیونگ مین و سۆنگ یونگ ژمارەی درێسی سەرجەم یاریزانەکانی دیکەی ئاڵوگۆڕکردبوو، چونکە راهێنەرەکەی کۆریای باشوور پێیوابووە سوێدییەکان بە ئەستەم دەتوانن لە رێگای دەموچاویانەوە یاریزانەکان بناسنەوە (چونکە دەموچاوی زۆربەی کۆرییەکان بەیەکتری دەچێت)، بۆیە ژمارەی درێسەکانی یاریزانەکانی گۆڕیبوو تاکو راهێنەرە نێردراوەکە نەزانێت کامە یاریزان لە کامە شوێن یاریی دەکات.

شین تای یونگ رەتیکردەوە ئەم کارەی سوێدییەکان بەبێ رێزی لەقەڵەم بدات، بەڵکو رایگەیاند ئەو کارێکی ئاساییە و هەموو تیپێک هەوڵ دەدات زنیاری لەسەر تیپی بەرامبەر وەربگرێت.